424وتار

ئەمریكا دوای كۆڕۆنا

4/20/2020 1:11:00 PM
فواد سدیق

چوارساڵ پێش ئێستا، ترامپ بۆ بانگەشەی سەرۆكایەتی ئەمریكا، دەیگوت، ئەمریكا یەكەمە،ئەم وتەیەی زیاترنوقرچێك بوو بۆ وڵاتی چین ، ئەم نوقرچگرتنە، بەردەوام بوو، تا ڤایرۆسی كۆڕۆناشی بەسەردا كەوت. گەورەترین قەیرانی ئەمریكا، كە ئێستا تێیكەوتووە، ئەوەیە، كاتێك ترامپ  خۆی بە سەرۆكێك دەزانی كە سەركردایەتی هەموو جیهان دەكات، كەچی لەئاستی ئەو قەیرانە قووڵەی رووبەڕووی ئەوڕوپای دۆستی نزیكی بووەوە، دۆش داماو، هیچ هاوكارییەكی نەكردن،لەكاتێكدا ئەوە ئەركی ئەمریكا بوو، هەموو ئەو وڵاتانەی بەهۆی ئازاری كۆڕۆناوە دەیانناڵاند، بێتە پێشەوەو رێوشوێنی پێویست وەك ئەوەی دەیگوت ئەمریكا یەكەمە، ئەمڕۆش هەر ئەمریكا یەكەم بوایە، نەك غائب بوایە.تەنانەت لە هەماهەنگیكردنی وڵاتانی دیكە رۆڵی بەرەنگاربوونەوەیەكی  پێكەوەیی بەرانبەر بەم ڤایرۆسە نەبینی و،  بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینێكیش هیچ هەمانگییەكی لەگەڵ هیچ وڵاتێكدا نییە. كشانەوەیشی لە who لەم كاتەدا بڕیارێكی زۆر سەر شێتانە بوو،چونكە ئەمڕۆ هەموو گەلانی جیهان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیان بەم رێكخراوە هەیە بۆئەوەی ڤاكسینێكیان بۆ بدۆزێتەوە، نەك بەرانبەری بوەستیتەوە.هەر هیچ نەبێ تا ئەو پەتایە لەناودەبردرا، بۆیە هەموو وڵاتانی جیهان و تەواوی رێكخراوە مرۆییەكان رەخنەیان لەو بڕیارەی ترامپ گرت.
ئەمریكا، لەماوەی ئەو 70 ساڵەی رابردوودا، بەتایبەتیش لەسەردەمی ترامپ بەشێوەیەكی زۆر چڕ تر هەموو رێگاكانی بۆ هێزی سەربازی بەكارهێناوەو، هەموو رێگاكانی دیكەی هاوكاری و تەبایی و هەماهەنگی و ...هتد لە تاریكیدا جێهێشتووە. ترامپ هەستدەكات ئەو هێزو بازووەی بەهەموو جیهانی نیشاندەدا، ئێستا لەبەرانبەری خەریكە هێزی دیكەش دروستبوونە، بۆیە پەلاماری هەموو لایەك دەدات و لە دەیان رێكخراوی جۆراوجۆر  كشاوەتەوە،   جگە لەمانە، ترامپ  هەڕەشەی لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانیش كردو گوایا بەپێی دەستوور دەتوانێ سەرجەم کارو چالاکییەکانی کۆنگرێس هەڵپەسێرێت، كە لەمێژووی ئەمریكادا، كاری لەمجۆرە نەكراوە!!. چونكە ئەمریكا واتا دەستوور، واتا دامەزراوە جیاوازەكان، نەك كەسێك و سەركردەیەك.هەر ترامپ بوو دوای ئەوەی  who   لە 30/1/2020  وتی ئەو پەتایە جیهانییە، بەڵام ترامپ لە شوباتدا وتی كۆڕۆنا  لە ئەمریكا هیچی پێ ناكرێ .
هەردوو شەڕی جیهانی یەكەم و دووەم، هەلی زێڕینیان بۆ ئەمریكا رەخساند، تا وەك وڵاتێكی زەبەللاح بێتە پێشەوەو بڵێ من یەكەمم، بەڵام ئەمجارە شێوازی شەڕ گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو جوگرافیا هیچ رۆڵێك لەم شەڕەدا نابینێ، ڤایرۆسی كۆڕۆنا، نموونەیەكی زەقە كە چۆن خەریكە تەنگی بە ئەمریكا هەڵچنیوە، لەم قەیرانەش دەركەوت نە ئەمریكا دۆستی هیچ وڵاتێكە، نە هیچ وڵاتێكیش متمانەی بە ئەمریكا هەیە، بۆیە ئێستا ئەمریكا بە تەنیایە.
ئەمریكا لە بەرانبەر چین ترسی تەواوی لێنیشتووە، نەك لە سەروبەندی كۆرۆنا، بەڵكو چەند ساڵێكە ئەو ترسە تا دێت كەڵەكە دەبێت، ئەوەتا هەست بەوە دەكرێ، ئەو هێزەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆی كردۆتەوە، بەرەو  ئاسیا بۆ ركابەری چین بیگوازێتەوە. ئەمە هەر لە سەردەمی كلینتۆنەوە ئەو بۆچوونە زاڵ بووە،دەستتێوەردانی ئەمریكاش لە تایوان و ئۆكرانیاو ڤەنزویلاو..هتد، هەر بۆ ئەوەیە، سنوورێك بۆ نەیارە ركابەرەكانی بكێشێ، بەڵام وا پێدەچێ، ئیتر ئەو سنوور كێشانە رۆڵیان نامینێ و ڤایرۆسی كۆڕۆنا هەموو سنوورێكی بەزاند، شەپا زللە یەكی توندیشی لە بن گوێی ئەمریكا دا.ئێستا ئابووری ئەمریكاو  ئەوڕوپا لە ریزبەندی پێشەوەی داڕمانی ئابووریدان و دوای كۆتاییهاتن بە كۆڕۆنا، ئەو رمانە ئابوورییە زیاتر دەردەكەوێت،  قەبارەی دەستاودەستكردن و ئاڵوگۆڕی ئابووری جیهانی %92  $   كە بەهاكەی 5 تریلیۆن $، تەنیا ئاڵوگۆڕی كەلوپەلی بازرگانی نێوان چین و ئەمریكا لە ساڵی 2019 بەهاكەی  730 ملیار $ بووە. ترامپ راستیدەكرد كە دەیگوت ئەمریكا یەكەمە، لە بواری زانكۆ لە(10)زانكۆ یەكەمەكان،(5)زانكۆ هی ئەمریكایە،لە كۆمپانیاكان زەبەلاحترینیان ئەمریكی بوون،لە ئینتەرنێت هەر ئەمریكا یەكەم بوو، زمانی ئینگلیزی ببوو بە یەكەمین زمانی گەلان بۆ ئاخاوتن، بیبسی كۆلاو ماكدۆنالدو..و ...و هەمووی سەرچاوەكەیان ئەمریكایە، بەڵام ئەگەر ئەمریكا بكەوێتە ناو قەیرانی قووڵی ئابوورییەوە كە ئێستا تا دێت زیاتر دەخزێتە ناو ئەو قەیرانەوە، زۆربەی ئەو كۆمپانیا ئابوورییانە لەدەست نادات ؟ كە ئێستا خەریكە لە زۆربەیان وڵاتی چین پشكی تێدایە، كە پێش كۆڕۆنا ئەو پشكەی نەبوو. لە راستیدا تەواوی جیهان كەوتۆتە ناو گێژاوێكەوە، كە دیار نییە كەی لێی دێتە دەرەوە، بەڵام لە هەموان زیاتر ئەمریكا لەناو ئەو گێژاوەدا گینگڵ دەدات ناتوانێ بە ئاسانی لێی بێتە دەرەوە، ئەم پەتایە ناكۆكی نێوان چین و ئەمریكای قووڵترو خێراتر كردەوە، دوای كۆڕۆنا، باشتر لە رابردوو بازووی یەكتری با دەدەن، بەڵام با بزانین چین لە چ دۆخێكدایە، وتاری داهاتووم لەسەر چین دەبێت.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن