وانەكانی كۆرۆنا
4/3/2020 3:09:00 PM
هەڵمەت عەلی
كۆرۆنا وانەگەلێكی زۆری بە مرۆڤایەتی وتەوەو هێشتا بەردەوامیشە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانیدا بەخێرایی پێی وتین؛
ئێوە كە هەزاران ساڵە سەردارو سەروەری زەوین، ڕۆچوون بەنێو كیبر و خودپەرستییەكی قوڵدا، لەبیرتان چوبو دەشێت بچوكترین بونەوەر بتانوەستێنێت.
كۆرۆنا پێی وتین؛ چەندێك پێشكەون، دەست بۆ نهێنییەكانی زەوی و گەردوون بەرن، هێشتا گرێكوێرەیەك دەمێنێ تواناتان بەسەریدا ناشكێ.
بیری خستینەوە جیاوازییەكان ساختەن، فریودەرن، ئەو جیاوازییەی پلەو پۆست و ماددە دروستیدەكات توخماتێكی باڵاتر لە مرۆڤبونمان پێنابەخشێت.
كۆرۆنا پێی وتین؛ سنورەكان دەستكردن، زەوی ماڵ و لانەی هەموانە، گەر گۆشەیەكی هەڕەشەی ڕاستەقینەی لەسەر دروستبێت، ئەوا كۆی مرۆڤایەتی لەبەردەم مەترسیدا دەبێت.
بیری خستینەوە، هەڵپەی ژیان، شەڕی كۆكردنەوەی سامان، خودی خۆمانی لەبیربردینەوە، تەندروستی خۆمانی خستە مەترسییەوە، لەكاتێكدا ئەوەی جەوهەرە خودی خۆمانین نەك شتێكی دی.
پێی وتین؛ زەوی ماندووە، لەژێر فشاری هەڵپەو سەركێشییەكانی ئێوەدا بۆتە كارخانەیەكی مەترسیدار، ڕەگەزەكانی خاك و ئاو و هەواتان بەتەواوەتی تێكداوە.
كۆرۆنا بیری خستینەوە، پەیوەندییەكانمان، خۆشەویستیمان، پێكەوەیی و تەباییمان لەبەردەم هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەدایە، كاری زۆر ئێمەی كردوەتە ڕۆبۆتێكی بێناوەڕۆك و مرۆڤبونی لەبیربردوینەتەوە.
كۆرۆنا هات وتی؛ خێزان وەك كۆڵەگەی سەرەكی پاراستنی ژیان لەبەردەم هەڕەشەدایە، بۆئەوەی ژیان سەلامەت بێت دەبێت بگەڕێنەوە چوارچێوەی خێزان.
كۆرۆنا پێی وتین؛ واز لە شەڕە بچوكەكانی سەرزەوی بهێنن، ژیان خۆی لە مەترسیدایە، ئێوە خەمێكی پاراستنی ژیان و هەسارەكاتان بێت نەك بەرژەوەندییە بچوكەكان.
پێی وتین؛ ئۆقرەییتان لەدەستداوە، هەڵپەو كەڵكەڵەی پاوانخوازی زیاتر بێ ئۆقرەی كردون، بۆیە دەبێت بچنەوە نێو ماڵەكان و فێری پشودرێژی و ئۆقرە بن.
كۆرۆنا بیری خستینەوە كلتوری بەرخۆری ژیانی وێران كردووە، خەمی پاراستنی كۆڵەگە سەرەكییەكانی ژیانی لەبیربردوینەتەوە، بۆیە دەبێت مرۆڤ گەورەتر لە تێربوونی غەریزەكانی خۆی بڕوانێت.
پێی وتین؛ دونیای سەرمایەداری، فۆڕمی نوێی ژیان، سەرچاوەی هەمو نەهامەتییەكانە، كاتێك لەپێناو بەرژەوەندی دەستەبژێرێكی دونیای سەرمایەداری دەستكاری جیناتی بونەوەران دەكرێ، دەبێت چاوەڕێی سەرهەڵدانی دەیان دەردو پەتای مەترسیدار بین.
كۆرۆنا پێی وتین، من دەرفەتێكم، بە ئاگاهێنەرێكی خێرام، گەر بەهەمان ڕیتمی پێش هاتنم ژیان بكەن، ئەوا چاوەڕوانی تۆفانی كۆتایی بن.