وتار

د. عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ له‌ نێوان مه‌زنێتی و هه‌ڵوێستدا

10/4/2019 8:43:00 AM 50 جار خوێندراوەتەوە
هیوا ناسیح

کاتی خۆی و له‌ هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌کاندا چه‌ند کتێبێکی د. عیزه‌ددینم خوێندبۆوه‌، به‌ڵام له‌ نزیکه‌وه‌ نه‌مده‌ناسی ساڵی ٢٠١٤ کۆتایی مانگی نیسانی ٢٠١٤ ناوبراویش وه‌ک ئه‌ندامێک داوه‌تکرابوو بۆ کۆنفرانسی گشتی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان (که‌نه‌که‌) له بروکسل، ئێواره‌که‌‌ی له‌ گه‌ڵ چه‌ند هاورێیه‌کی تردا له‌ ده‌وری مێزێک له‌ د. عیزه‌ددین کۆبوینه‌وه‌، جا له‌ نزیکه‌وه‌ زانیم، ئه‌م پیاوه‌ چ ده‌ریایه‌که‌ له زانست و ئه‌ده‌ب و مێژوو و سیاسه‌ت و...هتد. ئه‌و شته‌ی له‌م که‌سایه‌تییه‌دا زۆر پێی سه‌رسام بووم ئه‌وه‌ بوو که‌ ناوبراو سه‌رجه‌م زاراوه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی زمانی کوردی ده‌زانی و قسه‌ی پێ ده‌کرد، بۆیه‌ کاتێک کوردێکی زازایی، کرمانجی ژووروو ده‌هاته‌ لامان و له‌گه‌ڵی ده‌دوا، ناوبراو به‌ دیالێکتی ئه‌و له‌گه‌ڵی ده‌په‌یڤی. سه‌رجه‌م ئه‌دیب و که‌سایه‌تییه‌ کوردییه‌ ئه‌ده‌بی و سیاسییه‌کانی ئه‌رمه‌نستان و کازاخستان و روسیای ده‌ناسی یان بینیبوونی و زانیاری له‌سه‌ریان هه‌بوو. پێده‌چوو هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان، به‌ هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه‌ گه‌رابێت، چونکه‌ زانیاریی جوگرافی و ئه‌نتۆگرافی وردی له‌سه‌ر شار و ده‌ڤه‌ره‌کان هه‌بوو. ئه‌و له‌وانه‌ بوو، که‌ هه‌رگیز بۆ هیچ بابه‌ت و قسه‌یه‌ک دۆش دانه‌ده‌ما و قسه‌ی حازربه‌ده‌ستی خۆی پێ بوو. ئێواره‌یه‌کی درێژ تا دره‌نگانی شه‌و دانیشتین، ناوبراو هه‌ر شییعری ده‌خوێنده‌وه‌ و بابه‌تی خۆشی ئه‌ده‌بی و که‌لتوریی باس ده‌کرد بۆمان. زۆر حه‌زی له‌ خواردنه‌وه‌ی مه‌ی تا ڕاده‌ی به‌دمه‌ستی و هه‌روه‌ها شیعر بوو.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ره‌خنه‌ی جددییه‌ له‌م مه‌زنه‌ پیاوه‌دا، له‌م ساڵانه‌ی ده‌سته‌ڵاتی کوردیدا، ناوبراو به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌‌موو ناره‌وایه‌تی و نادیموکراتییه‌ت و ناهه‌قی و چه‌وساندنه‌وه‌ و تیرۆری رۆژنامه‌نوس و ئازادیخوازانی باشوری کوردستان و گه‌نده‌ڵییه‌ بێده‌نگ و بێهه‌ڵوێست بوو!! به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌ که‌سایه‌تی ناوبراوی که‌م کرده‌وه‌.
وه‌ک ده‌شڵێن رۆڵێکی گرنگی گێراوه‌ له‌ کۆکردنه‌وه‌ ئیمزای دوو هه‌زار نوسه‌ران و رۆژنامه‌نوسانی کورد، که‌ به‌ ئامانجی پشتگیری له‌ درێژکردنه‌وهی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بۆ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای دووه‌م خول، که‌ ئه‌مه‌ هه‌م ناڕه‌وا بوو، هه‌م لایه‌نگیری و هه‌میش دژی یاسا بوو.
جگه‌له‌مه‌ش کاتی خۆی مامۆستا خالید دلێری نه‌مر له‌ سویسرا بۆی گێرامه‌وه، که‌ د. عیزه‌دین یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی که‌ هۆکاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌کێتی نوسه‌رانی کورد و کردنی یه‌کێتییه‌که‌ به‌ لقێکی یه‌کێتی نوسه‌رانی عێراق بووه‌ له‌ ناوه‌راستی هه‌شتاکاندا. مامۆستا دلێر گوتی ئه‌مه‌م راسته‌وخۆ له‌ یه‌که‌م کۆنفرانسی نوسه‌رانی کورد ، که‌ له‌ ١٩٩١ له‌ شه‌قڵاوه‌ به‌سترا، به‌ ئاماده‌یی سه‌رجه‌م به‌شداربووان له پێش مایکرۆفۆن پێ گوت، د. عیزه‌دین هیچ وڵامێکی پێ نه‌بوو!! گوتیشی که‌چی دواتر زۆرینه‌ی ئه‌ندامان هه‌ر ئه‌میان به‌ سه‌رۆکی یه‌کێتی نوسه‌رانی کورد هه‌‌ڵبژارد!
دوا وته‌ش ده‌ڵێم گه‌ر دکتۆر عیزه‌ددین له‌ پاڵ ئه‌و هه‌موو نوسین و پرزانیارێتی و زمانزانی و دنیابینینه‌یدا وه‌ک پێویست به‌ هه‌ڵوێست ده‌بوو، پشتگیری ره‌ش و رووت و هه‌ژارانی بکردایه‌ و دژی گه‌نده‌‌ڵکاران و سته‌مکاران بووایه‌، ئێستا دوو هێنده‌ی تر مه‌زن ده‌بوو، خه‌ڵکیش زۆر زیاتر بۆی به‌داخ ده‌بوون، چونکه دواجار هه‌ڵوێست له‌ بڕوانامه‌ و زانین و زیره‌کیبوون گرنگتره‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن