1300 کەلتور

کتێبخانەی زەمەن

08:45 - 17/09/2019

توێژینەوەی میدیایی
لە ئێستادا میدیا و بەرپرسیارێتی میدیایی لە هەموو ژانرەکانی تر لەبەردەم ئەگەری نابەرپرسیارێتی و بێ پلانیدایە. میدیا داهێنراوێکی مرۆڤە بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی و گەیاندنی زانیاریی راست و دروست، بە هاوکاریی رەگەز و پێکهاتە جیاوازەکانی. بەڵام پاش قۆناغی جەنگی سارد و فراوانبوونی چەمکی گڵۆبالیزم و سیستەمی نوێی جیهانی، چەمکی میدیا لە دنیای هاوچەرخدا، چەندین رەهەند و رووخساری جیاوازی دەرکەوت. کە هەریەکەیان بۆ خۆی ناسنامە و شوناسێکی جودای هەیە.
میدیای کوردی لە ئێستادا لەبەردەم دووڕیانی بەرپرسیارێتی و سەرگەردانییەکی گەورەدایە، هۆکاری ئەمەش زۆرن، یەکێ لەوانە نائامادەیی و پاسیڤی ناوەندی ئەکادیمییە لە خستنە رووی میدیایەکی پڕۆفیشناڵ و دروست و بێ زیان. بەتایبەتیش لە نائامادەیی توێژینەوەی ئەکادیمیی کاریگەر لەسەر ناوەندی میدیایی کوردی، هێندەی تر ڕۆڵی میدیای لە ناوەندەکەدا نادیار کردووە.
(توێژینەوەی میدیایی)، ناوی نۆبەرەی کتێبی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی “چمک”ە، ئەم کتێبە لەلایەن د. یەحیا رێشاوی ئامادەکراوەو لەم  رۆژانەدا بڵاوکراوەتەوە.
توێژینەوەی میدیایی، لە دە توێژینەوەی وردی ئەکادیمی و میدیایی ناوەندی میدیای کوردیی پێکهاتووە، کە بە شێوەی تیۆری و پڕاکتیکی، توێژەر ئامادەیکردووە و لە دووتوێی ئەم کتێبەدا بڵاویکردووەتەوە.
ناونیشانی هەندێ لە توێژینەوەکانی ئەم کتێبە، بریتین لە (رۆڵی تەلەفزیۆنە کوردییەکان، لە پەرەپێدانی رێنووسی کوردیدا، رۆڵی ماسمیدیا لە بەرهەمهێنانی واتای کۆمەڵایەتیدا، رۆژنامەنووسی لۆکاڵی لە باشووری کوردستان، پێگەی ژن لە کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکاندا).

شازادەی حەمام
شازادەی حەمام  بیرەوەرییەکانی توێژەر و نووسەری ناوداری ئێرانی د.محەمەد حسێن پاپولی یەزیدییە، تەها سێکانیانی لە زمانی فارسییەوە وەریگێڕاوە بۆ کوردی و ساڵح بێچار پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی بۆکردوە. لە چاپخانەی کارۆ بە چاپێکی نەخشین و ناوازە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
بەرگی سێیەمی شازادەی حەمام، چیرۆک و یادەوەرییەکانی د.محەمەد حسێن پاپولی یەزدییە، بە زمانێکی نەرم و پڕ چێژ. لە بەرگی یەکەم و دووەمدا، کە پار ساڵ چاپ و بڵاوکرایەوە، ئەم نووسەرە بیرەوەریی خۆی و شوێن و زێدی لە منداڵییەوە تا چوونە زانکۆی سۆربۆن و خوێندنی باڵای بە زمانێکی پڕ لە ئەفسوون و چێژ گێڕاوەتەوە. لە رێگەی گێڕانەوەوە لەناو ئەم یادەوەریانەدا، چەندین بابەت و پرسیاری گرنگ سەبارەت بە مرۆڤ و چارەنووس، مرۆڤ و منداڵی، مرۆڤ و بیرکردنەوە. مرۆڤ و پرسیارە ئەزەلی و قووڵەکانی سەبارەت بە ئایین و بیروباوەڕ وروژێنراوەو نووسەر بێلایەنانە نووسیوویەتییەوە. بە جۆرێ خوێنەر لەگەڵ روداو و شوێنی بیرەوەرییەکاندا دەڕوات، بە ئەستەم دەتوانێ لێی داببڕێت.
لەم بەشەی “شازادەی حەمام” دا، د.پاپۆلی یەزدی، بە بیرەوەریی خۆی باسی کوردانی خوراسان دەکات لە رووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بیروباوەڕەوە، ئەمە جگە لە لایەنی سۆسیۆلۆژیا و پێکهاتەیان لەناو کۆمەڵگەی ئێرانیدا و شێواز و ریتمی ژیانیان. بیرەوەرییەکانی نووسەر دوای توێژینەوەیەکی دێت کە پاشتر وەک تێزی دکتۆرا لە زانکۆی سۆربۆن پێشکەشی دەکات و بڕوانامەی دکتۆرای پێ بەدەستدێنێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن