قۆناغی “مفاوەزات”ی باڵەکانی یەکێتی دەستی پێ‌کرد
04:35 - 15/09/2019
"زەمەن"
قۆناغی دانوستانی باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی بۆ جێگیرکردنی خواستەکانیان لەناو چوارەمین کۆنگرەی حزب دەستیپێكردووەو لەو سێ پرۆژەیەی بۆ بەستنی كۆنگرە ئامادەكراوە، دووانیان بنەمای تەوافوقی لەبەرچاو گرتووە.
ئەو سێ پرۆژەیەی كە ئامادەكراوە، بریتییە لە پرۆژەی (مەكتەبی رێكخستن، ئەنجومەنی ناوەند، پرۆژەی فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی).
رۆژی شەممە 7ی 9ی 2019، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بڕیاریدا رۆژی 7ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٩ كۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێ.
ئەندامانی ئێستای سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، هەوڵێكی چڕ‌و پڕی سەردان‌و پەیوەندییان بۆ ئۆرگانەكان‌و نزیكبوونەوە لە كادرانی یەكێتی دەستپێكردووە بەمەبەستی بەهێزبوونی چانسیان بۆ هەڵبژاردنەوە لە كۆنگرەدا.
مشتومڕی بەستنی كۆنگرە بە شێوەی تەوافوق و بێ تەوافوق (بەواتای سازانی پێشوەخت بۆ دابەشكردنی كورسییەكانی سەركردایەتی و دیاریكردنی كەسی یەكەمی یەكێتی) كۆی ئۆرگانەكانی یەكێتی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە.
باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی مەیلدارن بەلای كۆنگرەی ئاسایی و بێ تەوافوق دا، بەو پێیەی لەناو ئۆرگانەكانی خوار سەركردایەتی دا زۆرینەن، هەرچەندە لە ئاستی 51 كەسەكەی سەركردایەتی دا، باڵی كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح بەهێزترن.
“زەمەن” لە سەرچاوەیەكی تایبەتی ناو یەكێتییەوە زانیویەتی، كە ئێستا قۆناغی دانوستان و گفتوگۆی باڵەكان بۆ سەپاندنی خواستەكانیان لە شێوازی دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرەو هەڵبژاردنی سەركردایەتی و دەستەی بەڕێوەبردنی یەكێتی دەستیپێكردووەو بەگوێرەی زانیاری ئەو سەرچاوە تایبەتە، سەرەنجام باڵەكان بە تەوافوق و لیستی ئامادەكراوی پێشوەختە دەچنە كۆنگرەوە، ئەوەش “بە ئامانجی تێكنەچوونی زیاتری ناوماڵی یەكێتی”.
ئێستا نۆ ساڵ بەسەر بەستنی سێیەمین كۆنگرەی یەكێتی‌و پێنج ساڵ بەسەر وادەی دواکەوتنی بەستنی كۆنگرەی چوارەمدا تێدەپەڕێت. هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەش بە پلەی یەكەم رێكنەكەوتنی باڵەكانی ئەو حزبە بووە لەسەر شێوازی بەستنی كۆنگرەو، رەنگە ئەم كێشەیە بەئاسانی چارەسەر نەكرێت یان یەكێتی ناچار بە بەستنی كۆنگرەیەكی بەدەر لە خواستی جەماوەرەكەی بكات.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی كە نەیویست ناوی بهێنرێ، سەبارەت بە ناوەرۆكی هەر سێ پرۆژە ئامادەكراوەكەی یەكێتی بۆ كۆنگرە بە زەمەنی وت: “پرۆژەكەی مەكتەبی رێكخستن تەوافوق بە هەموو شێوەیەك رەت دەكاتەوەو جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی تەواوی پرۆسەكە بە هەڵبژاردن دەكاتەوە. بەڵام دوو پرۆژەكەی تر تاڕادەیەك‌و بەشێوەیەك لە شێوەكان لە هەندێك شوێندا دەچنەوە خانەی تەوافوقەوە”.
وتیشی: “كێشەی گەورە لەبەردەم بەستنی كۆنگرەدا دەسەڵاتی سەركردایەتیكردنە، بەپێی پرۆژەكەی مەكتەبی رێكخستنبێ، شێوازی سەركردایەتی بە هەمانشێوەی ئێستا دەبێ. یەكێكی تر لە كێشەكان دروستكردنی تەوافوقە، ئەم رایەش ئەوانە داكۆكی لێدەكەن كە ترسیان لە دەرنەچوون هەیە لە كۆنگرەدا”.
ئاماژەشی بەوەدا كە ئەگەرێكی دوورە كۆنگرەی یەكێتی بە بێ تەوافوق ببەسترێت “هەرچەندە جەماوەری یەكێتی لەگەڵ تەوافوقدا نییە”.
نەخێر بۆ تەوافوق
ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی، كە لە ساڵی 2014 بڕیاری بەستنی كۆنگرەی یەكێتی دەركردووە، ئیستاش سورە لەسەر بەستنی كۆنگرە بەبێ تەوافوق‌و پشكپشكێنە.
زوبێر عوسمان، سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بە “زەمەن”ی وت: “بۆچوونمان ڕوونە ئەنجومەنی ناوەندی ساڵی 2014 بڕیاری هەیە داكۆكی لە مافی كادرەكان دەكەین، كە بتوانن نوێنەری خۆیان بۆ نێوان دوو كۆنگرە دیاری بكەن، بەڵام بەهۆكاری جیاواز نەبەستراوە. بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدانین كۆنگرەی تەوافوق‌و پشك پشكێنە ببەسترێ. پێمانباشە كۆنگرەیەكبێ پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی و هەر ئەوە پێوەر‌بێ كە كۆنگرەی لەسەر بگیرێت”.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێكە لە هێزە كاریگەرەكانی گۆرەپانی سیاسی باشووری كوردستان، لەهەر ململانێیەكی توندوتیژی ناوخۆیدا تێكچوونی دۆخی ئەو حزبە راستەوخۆبێ یان ناراستەوخۆ كاریگەری بەسەر دۆخی گشتییەوە جێدەهێڵێ.
ئەبوبەكر عەلی، نووسەرو سیاسەتمەدار پێیوایە كۆنگرە بۆ یەكێتی هەم پێویستیە هەم مەترسیە، لەو رووەوە بە “زەمەن”ی وت: “كۆنگرەی تەوافوقیبێ یان بێ تەوافوقی، هەردووكیان زیانی تیێدایەو یەكێتییەكان دەبێ لەنێوان دوو زیاندا كەمتریان هەڵبژێرن‌و بیرلەوە بكەنەوە كامیان زیانی كەمترە”.
ئەبوبەكر عەلی زیاتر وتی: “كۆنگرەی تەوافوقی رەنگە هەندێك كێشەیان بۆ چارەسەر بكات، بەڵام هەندێك كێشەیان بۆ بهێڵێتەوەو گەورەتریشی بكات. بەڵام دۆخی ئاسایی هەر حزبێك ئەوەیە كۆنگرەی ئاسایی ببەستێ پێویستی بە تەوافوقی پێشوەختە نەبێ. لەبەرئەوەی جۆرێك لە سنوورداركردنی ئاراستەكانی كۆنگرەو دەنگدەرانیشە، تارادەیەك رۆڵی كۆنگرە لە قاڵب دەدات”.
ئەندامانی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرە
ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى پێنج كه‌س بۆ سه‌رۆكایه‌تى لیژنه‌ى باڵاى ئاماده‌كردنى كاروباره‌كانى كۆنگره‌ى یه‌كێتى دیاریكرد‌و به‌مه‌به‌ستى تاوتوێی سه‌رجه‌م ئه‌و پرۆژه‌و پێشنیازانه بكه‌ن كه ئاراسته‌یان ده‌كرێت سه‌باره‌ت به كۆنگره.
سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاى یه‌كێتى به زه‌مه‌نى راگه‌یاند: لیژنه‌ى باڵاى كۆنگره‌ى چوار پێكهاتوون له هه‌ریه‌كه له (ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا، حاكم قادر، ئه‌رسه‌لان بایز، دلێری سه‌ید مه‌جید، رزگار عه‌لی).
ئه‌و لیژنه باڵایه، ناوی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی یه‌كێتی دیاریی ده‌كات و گفتوگۆش له‌گه‌ڵ لیژنه فه‌رعییه‌كان ده‌كات له‌سه‌ر سه‌رجه‌م پرۆژه‌و پێشنیازه‌كانی ئه‌ندامان و كادرانی یه‌كێتی تایبه‌ت به پرسه‌كانی كۆنگره.
بڕیاره چوارەمین كۆنگره‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رۆژی 7ی كانوونی یه‌كه‌می 2019 ببەسترێ و به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئەو حزبه، نابێ ژماره‌ی ئه‌ندامان له 1000 كه‌س تێپه‌ڕێ و سه‌رجه‌م وه‌زیر و په‌رله‌مانتارو به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كانی یه‌كێتی له هه‌رێم و به‌غدا، راسته‌وخۆ ده‌بنه ئه‌ندامی كۆنگره كه به‌پێی زانیارییه‌كان ژماره‌یان له سه‌رو 500 كه‌سەوە ده‌بێ.
دانانی پێنج سەرکردایەتی نوێ
لەسەروبەندی مشت‌ومڕ لەسەر چۆنێتی بەستنی کۆنگرەی چوار، هەواڵی دانانی پێنج کەس وەکو ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە بڕیاری کۆسرەت رەسوڵ، سەرنجی خەڵک و میدیاکانی بۆ خۆی راکێشا.
بە گوێرەی بڕیارەکەی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی کە ڕۆژی یەکشەممە 8ی ئەیلول دەرچووە، هەریەکە لە: بورهان سەعید سۆفی، عوسمان بانیمارانی، چەتۆ ساڵح، پۆڵا سیروان تاڵەبانی، مەحمود محەمەد ڕەشید، وەکو ئەندامی نوێی سەرکردایەتی یەکێتی دەستنیشانکران.
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ “زەمەن” وتی: “موچه‌ی هەر ئه‌ندامێکی سه‌ركردایه‌تی شه‌ش ملیۆن دینارە. بەڵام موچه‌ی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بڕەکەی ١٢ ملیۆن دیناره”.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی بێجگه له موچه‌كه‌یان، مانگانه نه‌سرییه‌كی زۆریش وه‌رده‌گرن و ژماره‌یه‌كی زۆر پاسه‌وانیشیان هه‌یه، بەڵام هەموویان وەک یەک نین.
سەبارەت بە موچەی ئەو ئه‌ندامە تازانەی سه‌ركردایه‌تى، سەرچاوەکە وتی: “ئه‌و پێنج ئه‌ندامه تازه‌یه ئەگەر موچەی خانه‌نشینى وه‌زیر یان په‌رله‌مانتارییان هەبێ، ئەوا موچه‌یان بۆ نابه‌سترێ. به‌ڵام ئه‌وانه‌ى له‌و موچەو ئیمتیازاته‌یان نه‌بێ، مانگانه پێنج تا شه‌ش ملیۆن دیناریان پێدەدرێ و ئۆتۆمبێلێكى لاندكرۆزەر- وه‌نه‌وشه، کە بایی شەش ده‌فته‌ر دۆلارە لەگەڵ سێ تا پێنج پاسه‌وان بۆ هەر یەکێکیان دادەنرێ”.