46 کوردستان

وەڵامێک بۆ پارێزگاری کەرکوک

02:34 - 06/08/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەتوندی وەڵامی پارێزگارە تورکمانەکەی کەرکوک دەدەنەوە، کە لە لیدوانێکدا ئاماژەی بەوەدابوو، ''ماددەی 140ی دەستووری عێراقی "هەڵەیەکی ستراتیژی"یە.

 ئەمرۆ پێنجشەممە، ٦ی ئابی ٢٠٢٦، دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، وەڵامی لێدوانێکی محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک دەداتەوە کە تێیدا ماددەی 140ی دەستووری عێراقی بە "هەڵەیەکی ستراتیژی" وەسفکردبوو. دەستەکە بەتوندی ئەو لێدوانە ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو ماددەیە دیارترین نەخشەڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی دێرینی نیشتمان و یەکلاکردنەوەی پرسی ناسنامەی ڕووبەرێکی بەرفراوانی خاک لە عێراقدا.

دەستەکە ئاماژەی بەوەداوە، پابەندبوون بە دەستووری عێراق تەنها پابەندییەکی یاسایی و دەستگرتن بە دەستکەوتەکان نییە، بەڵکو ڕێزگرتنە لە ئیرادەی گەلانی عێراق کە وەک شانازییەکی گەورەی تێکۆشانیان دژی دیکتاتۆریی دەیبینن. هەروەها ڕوونیکردووەتەوە کە دەستوور ڕێگەیەکی هاوسەنگی داڕشتووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، دەستەکە داوا لە پارێزگاری کەرکووک دەکات لەم قۆناغە هەستیارەدا گیانی پێکەوەژیانی ڕاستەقینە لە شارەکەدا زاڵ بکات و خۆی بەدوور بگرێت لە بەکارهێنانی دەستەواژەیەک کە پێچەوانەی دەستوور و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلانی عێراق بێت. هۆشداریش دەدات کە لێدوان و دیداری نادەستووری، ڕووبەری بێمتمانەیی فراوان دەکات و تەرکیز لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەکان لادەدات کە ئەمڕۆ کەرکووک زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی پێیەتی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن