بڕیاری نوێ درا مۆڵەتی بێموچە بەخزمەتی خانەنشینی هەژمار ناکرێت
02:43 - 06/08/2026
زەمەن_هەواڵ
ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، لەبارەی مۆڵەتی بێ مووچە بڕیارێکی نوێی دەرکرد و ڕایگەیاند: مۆڵەتی بێ مووچە لە دام و دەزگا فەرمییەکانی حکومەت، تەنیا بۆ دووساڵە و بەپێی بڕیارەکە، مۆڵەتی بێ مووچە بە خزمەت هەژمار ناکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٦ی ئابی ٢٠٢٦، بەپێی نوسراوێکی فەرمی، لە بڕیاری ژمارە ٣٠٠ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە واژۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی پێوەیە، بڕیاردراوە مۆڵەتی بێ مووچە لە دوو ساڵ تێپەڕ نەکات و وەزیر و سەرۆکی دەستەی نەبەستراو مافی پێدانی ئەو مۆڵەتەی هەیە بە فەرمانبەرانی.
ئاماژە بەوەشکراوە، ماوەی ئەو مۆڵەتی بێ مووچەیە کە تەنیا دوو ساڵە، نە بەخزمەت هەژمارە دەکرێت نە بە خانەنشینی.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە بە ڕاگرتنی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارەی ٣٨، لە ٥ـی نیسانی ٢٠١٥ و ئەو کەسانەشی پێش دەرچوونی بڕیارە نوێیەکە، مۆڵەتی بێ مووچەی پێنج ساڵییان وەرگرتووە، بڕیارەکە نایانگرێتەوە و مۆڵەتەکەی خۆیان وەردەگرن تاوەکو تەواوبوونی وادەکەی و ئیتر جارێکی دیکە نوێ ناکرێتەوە.
هاوکات، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووریی و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژەی ڕاسپاردووە بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقایع بڵاودەکرێتەوە.