کەمیی ئاو لە هەرێمی کوردستان تەنها کەمبوونی ئاو نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنی ئاوە
8/5/2026 12:00:00 PM
سان ساراڤان
کەمی ئاو هەمیشە تەنها ئەنجامی کەمبوونی سەرچاوەکانی
ئاو نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندیدارە بە شێوازی حوکمرانی و بەڕێوەبردنی
ئاو و ئەو بڕیارانەی کۆمەڵگا و دامەزراوەکان دەیانگرنەبەر کاتێک ئاو دەبێتە سەرچاوەیەکی
سنووردار. لەم دۆخەدا، دادپەروەری لە دابەشکردنی ئاو، کارامەیی دامەزراوەکان و بەڕێوەبردنی
سەرچاوەکان و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو و پاراستنی ژینگەکان، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە
دیاریکردنی ئاستی دەستگەیشتن بە ئاو و بەرگری لە کەمی ئاو دەبینن.
هەرچەندە وشکەساڵی، کەمبوونی باران، گۆڕانی کەشوهەوا، دابەزینی ئاستی
ڕووبارەکان و کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی هۆکارە سرووشتییە سەرەکییەکانن، بەڵام زۆرجار
هۆکارە مرۆیی و دامەزراوەییەکانیش ڕۆڵێکی گرنگتر دەگێڕن. شێوازی بەڕێوەبردنی ئاو،
ئاستی توانای دامەزراوەکان، یاسا و بنەماکانی دابەشکردنی ئاو، و ژێرخانی هەڵگرتن و
گواستنەوەی ئاو، هەموویان دیاری دەکەن کێ دەستی بە ئاو دەگات و کێ لە مافی دەستگەیشتن
بە ئاو بێبەش دەبێت.
لە زۆر ناوچەدا، تەنانەت کاتێک سەرچاوەی ئاو
بوونی هەیە، بەهۆی بەڕێوەبردنی لاواز، بەفیڕۆدانی ئاو، کەمی ژێرخان، یان نادادپەروەری
لە دابەشکردنی ئاو، هەندێک کۆمەڵگە ڕووبەڕووی کێشەی توندی کەمی ئاو دەبنەوە. بۆیە،
کێشەی کەمی ئاو تەنها کێشەیەکی سرووشتی نییە، بەڵکو کێشەیەکی بەڕێوەبردن، حکمرانی
و دادپەروەریشە.
بڕیارەکانی پەیوەندیدار بە دابەشکردنی ئاو، بەڕێوەبردنی
ئاوی ژێرزەوی، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو، پاراستنی ڕووبار و ژینگە ئاوەکییەکان،
و وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئاو، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ئەوەی چۆن کۆمەڵگەکان
دەتوانن خۆیان لەگەڵ کەمی ئاو بگونجێنن. هەر بۆیە، چارەسەرکردنی کەمی ئاو پێویستی
بە تێڕوانینێکی تەواو هەیە کە تەنها سەرنج لە کەمبوونی باران و سەرچاوە سرووشتییەکان
نەدات، بەڵکو لەسەر باشترکردنی حکمرانی ئاو، بەهێزکردنی دامەزراوەکان، دادپەروەرانەکردنی
دابەشکردنی ئاو و بەڕێوەبردنی بەردەوامی سەرچاوەکانی ئاو نیز پشتی ببەستێت.
دوو ناوچە دەکرێت هەمان ئاستی وشکەساڵی و کەمبوونی
بارانیان هەبێت، بەڵام ئەنجامەکانیان زۆر جیاواز بن، ئەویش بەگوێرەی ئەوەی سیستەمی
بەڕێوەبردنی ئاو، توانای دامەزراوەکان و ئاستی حکمرانی ئاو لە هەر ناوچەیەکدا تا چەند
کارا و بەهێزە.
بەڕێوەبردنی لاوازی سەرچاوەکانی ئاو دەتوانێت کەمی
ئاو بگۆڕێت لە کێشەیەکی ژینگەییەوە بۆ قەیرانێکی فراوانی کشتوکاڵی، ئابووری، ووزە،
تەندروستی گشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی خۆراک،
دابینکردنی کارەبا، دابینبوونی ئاوی خواردنەوە، تەندروستی هاوڵاتیان و ژیانی ڕۆژانەی
خەڵک دادەنێت، هەروەها نایەکسانی لە دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی ئاو زیاد دەکات و کۆمەڵگە
لاوازەکان زیاتر تووشی مەترسی دەکات.
سەرەرای ئەوەی کە لەم ساڵدا رێژەی دابارین هۆکارێکی
بەرچاو بووە لە بەرز بوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێم بەڵام هەمان کێشەی ساڵانی ڕابردوومان
ڕوو بەڕوو بۆتەوە لە شارەکانی هەرێم.
- دەزگاکانی بەرێوەبردنی ئاو هەمیشە کەمتەرخەمن لە نوێژەنکردنەوەی بۆری
و ئامێرەکانی پەمپکردنی ئاو، گەر نموونەوەی سلێمانی وەرگرین دەبینین ماوەیەکی درێژە
لە چاوروانی نوێکردنەوەی ٣ پەمپی سەرچاوەی ئاوی دوکان بوون بەڵام تا ئێستا ئەو پەمپانە
نەکەتونەتە کار، کە دەبوو لەم ئەمڕۆدا بکەونە کار و دابینکردنی ئاو بۆ شاری سلێمانی،
گەرەکی وا هەیە بە هەفتە نۆرەی ئاوییان نایەت. هەروەها لە هەولێر دووبارە شکانی بۆرییە سەرەکییەکانی پرۆژەی ئیفراز کە ئەمانە
بوونەتە کارەساتێکی چەند بارە لە ساڵەکەدا.
- نادادپەروەی و دیزانی کۆمەلایەتی بە شێوەیەکی بەرچاو هەیە، هەندێک لە
ستییەکانی نیشتەجێ بوون بەبەردەوامی توانیویانە بە شێوەیەکی نایاسایی بیری زیاتری
ئاو لێبدەن و چاوپۆشی دەکرێن لەلایەن بەپرسانی دەزگاکان و بە قوڵایەکی زۆر و تەنانەت لە پرۆسەی دادگاییکرنیشدا یاسا شکێنی بۆ
دەکرێت، لە سلێمانی و هەولێر هەندێک لە ستی
و پرۆژەکانی نیشتە جێبوون و پیشەسازییەکانی ووزە شەمعەکانی ئاو کە موڵکی گشتین دەستی گیراوە بەسەریدا، گەرەکە هەژار نشینەکان
بەبەردەمی لە چاوەڕانی نۆرەی ئاەدا بن. کەواتە
هەندێک کۆمەڵگا نیشتەجێبوون هەڵبژاردە و سەرچاوەی
جێگرەوەیان هەیە، بەڵام هەندێکی تر هیچ هەڵبژاردەیەکی تریان نییە.
- ئاوی شیرین و شیاو بە خواردنەوە بۆ کاری پیشەسازی و ناوماڵ بەکار دەهێنرێت
و کاری پاکردنەوەی ئاو و فلتەریشنی بۆ ئاوە پیس و قورسەکان ناکرێت، کە دەکرێت ئاوە
پیسەکان بە مەبەستی پیشەسازی و کاری ناوماڵ بە کار بهێنرێتەوە.
- نەبوونی میتەرو چاودێری و لێپرسینەوە لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی
و بیرە نایاسایی و یاسایەکانیشەوە.
- شارەکانی هەرێم فراوان دەبن و بیناکانی نیشتەجێ بووون هەڵدەتۆقێن بەبێ هەبوونی پلانی ئاو و ئاوەڕۆ .
لەگەڵ ئەوەی گۆڕانی کەش و هەوا فشار لە سەر سەرچاوەکانی
ئاو زیاد دەکات، بەرگری و خۆڕاگری (شیلگیری) تەنها بە دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی ئاو
بەدەست نایەت، بەڵکو بە بڕیاری دادپەروەرانە و کاریگەرەکان دەست دەکەوێت کە ئاوە سنووردارەکان چۆن بەڕێوە
دەبرێن، دابەش دەکرێن و دەپارێزرێن پێش ئەوەی قەیران دروست ببێت. بۆیە، باشترین سیستەمی
ئاو ئەوە نییە کە زۆرترین ئاو هەبێت، بەڵکو ئەوەیە کە باشترین بەڕێوەبردن و حوکمڕانی
ئاو هەبێت.