قوزەڵقوورتم بخواردبا باشتربوو!!
8/4/2026 4:57:00 PM
ئەسعەد جەباری
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە، بەناخێری گیانم ووتم پێش ئەوەی بچم بەشوێن کچەکەمدا با بچم چاکەتەکەم بهێنمەوە لای کاک سوورکێو-ی بەرگدرووی سەهۆڵەکە، چووم دووکانەکەی داخرابوو، تەلەفوونم بۆکرد، ووتی: لەفوولکەی خاڵەحاجیم لای (نوری) نانی نیوەڕۆ دەخۆم ئێستا گەیشتووم و کەمتر لەنیو سەعاتێکم پێ دەچێ و دەگەڕێمەوە، منیش ووتم: باشە چاوەڕێت دەکەم تاکو دەگەڕێیتەوە.
تۆزێ خۆمم لەدەوروپشتی تەلاری سالم سەرقاڵ کرد، دواتر بیرمکردەوە ووتم منیش بۆچی نەچم لەوبەرەوە (فەلافلێک) بخۆم لەسەهۆڵەکە خۆ سەعات بۆ یەکی نیوەڕۆ دەچێ، چوومە دووکانێکەوە، دەستم شت، دەبینم کوڕێک لەوێ سفرەکان پاک دەکاتەوە، دووجار سەیرم کرد، ووتم خوایە خۆی نەبێت!، بەشەرمەوە چوومە لای وەستاکەو پێم ووت فەلافلم دەوێ، ووتی بچۆ دانیشە، ووتم نا خۆم دەیبەم، سینییەکەم لێوەرگرتوو فەلافەکەم برد بۆسەر مێزێک، هەر هێندە دانیشتم، یەکسەر بەرەو ڕووم هات و ووتی: جەباری بەخێربێیت، منیش بەقووڕگێکی پڕ پڕ لەگریانەوە، چاویشم پڕبوو لەفرمێسک ووتم بەقوربانت بم، تەوقەیەکی گەرمم لەگەڵی کرد، دوو بۆ سێ هەنگاو چووە ئەولاوەو دەبەیەک ئاوخواردنەوەی بۆهێنام، منیش لەبەردەمی هەڵسام و ووتم دەستەکانت خۆش بێت، زۆر خووڵقم کرد بۆ بەشداریکردنم بۆ فەلافلخواردنەکە تا وابزانێ ئاگام لەهیچ نیە، ئەو ووتی: خۆم لێرەم، منیش هەر هێندەم بۆکرا ووتم: لەشتساغبێت یاخوا، ئەویش بەکزییەکەوە ووڵامی دامەوە.
بەدەم فەلافلخواردنەوە (کە بوو بەقووزەڵقوورتم) بیرم بۆ دووەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژ چوو ساڵی ١٩٩٧ کاتێ من و ئەو بەشداریمان کرد لەچالاکی ڤیستیڤاڵەکە، لەهۆڵی ژووری بازرگانی سلێمانی کە هەر سەت مەترێ لەم شوێنەوە دوورە، ئەو کوڕێکی جوان و قەشەنگ هەموو گیانی ووزەو چالاکی ئەدەبی بوو، کەم ڕۆژنامەو گۆڤاری ئەوکات هەبوو بابەتی ئەوی تیا نەبووبێت، ئەو هەر بەردەوام بوو تا ڕۆژگارێک خەڵاتی گەورەی وەرگرت و بوو بەئەستێرەیەک لەدوونیای ئەدەب و وێژەدا.
سەیرکەن دوونیا چی لێهاتووە، ئێستا کزوو مەلوول دەموچاو قۆپاو، قژی تەواوو سپی، ئەژنۆکانی بەحاڵ کار دەکات، چاوی کز، تەواوو شەکەت، شەکەتی ژیان و چواردەور، پێم ووتم وەزعت چۆنە، ووتی چووم بۆ دائیرەی کارەبا قەرزم لابوو، ژیان زۆر زۆر سەخت بووە، ووتم هاوڕێ گیان ئەم دەسەڵاتە زاڵمە بەئەنقەست کار بۆ شکاندنی هەموومان دەکەن، پێم ووت دواجار هەر هەموومان شێت دەکەن لەسایەی سەری زلی ئەوان بەشمان هەر مەینەتیە.
تۆزێک چووە ئەولاوەو منی بەجێهێشت بۆ ئەوەی فەلافلەکەم بخۆم، ئیدی سەر سفرەکانی پاک دەکردەوە، دیمەنکی ناخ هەژێن بوو بۆمن کە ئەدیبێک ببینم بەوشێوەیە، خوا عەلیمە ئەو خواردنەم لێ بوو بەقووزڵقوورت و ژەهرخواردن تاکو تەواوو بووم هەر بیرم دەکردەوە، کە هاتیشمە دەرەوە هەر دەیووت عایدی منە، منیش ووتم نابێت، بەزۆر پارەی فەلافلەکەم داناو هاتمە دەرەوە بەچاوی پڕ لەفرمێسک و قووڕگی پڕ لەگریانەوە چوومە چایخانەیەک ووتم چایەک دەخۆمەوە تا نیو سەعاتەکە تەواوو دەبێت، دانیشتم کابرای چایچی چایەکی بۆهێنام، دوو بۆ سێ چرکەی پێ نەچوو دوو کوڕی قەڵەوی لووسکەی عەرەب یەکی شۆرتێکیان لەپێ بوو لەسەرو ئەژنۆیانەوە هاتن بەتەنیشتمەوە دانیشتن، بەچایچییەکەیان ووت: (شعدکوم ڕەیووگ)، ئەویشی دیارە تێگەیشت،ووتی: (بیزو لبن) واتا هێلکەو ماست، بەو نیوڕۆیە هاتبوون بۆ نانخواردنی بەیانی، منیش یەک قوومم لەچایەکەدا، لەدووهەمین قوومدا سوورکێو-ی بەرگدروو تەلەفوونی بۆ کردو ووتی: ئەوە چاکەتەکەم بۆ ئامادەکردووی وەرە بیبەرەوە.
سەیرکەن ، نووسەرێکی گەورە، چونکە نۆکەری بۆ حزب ناکات و دەست پان ناکاتەوەو مامەحەمەیی ناکات بۆ حزب و سەرکردە فاشیلەکانی حزب ئەوە چارەنووسێتی و دەبتە سفرەچی و مێز بۆ پاک دەکاتەوەو کرێکاری چێشتخانەیە، خەڵکانێک هەن بەخۆیان دەڵێن نووسەر یان ڕۆژنامەنووس لەم زبڵخانەیەی ئێستای میدیای ووڵاتۆکەکەمان نانی درۆو شەرمەزاری دەخۆن و هەر لەژێر دەست و پەنجەی ئەم و ئەون لێرەو لەوێ، لەبەرامبەریشدا ڕۆژگارێک، کەسانێک کە دوای ڕاپەڕین ئەوە ئەوانبوون شانیان دابووە بەر بارکەوتووی نەتەوەکەمان و لەخەمی سەرخستنی ڕاپەڕین بوون بەنووسین و چالاکیەکانیان وورەیان دەدا بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان..ئێستا ئەو کەسانە شکاو تا سەر ئێسقان شکاو، شکاو لەهەموو شتێک.. سەدان نموونە هەن کە پێویست بەقسە ناکات جەناب.
بڕووخێ هەزار دەسەڵاتی وا کە خێری نەبێت بۆ داهێنەران و ئەدیب و نووسەری ڕاستەقینە...
شەرمەزاربێت دەسەڵاتی وا لەدوونیاو قیامەت...