سەنتەری میترۆ: یاسا مەكەنە خزمەتكاری سیاسەت
04:54 - 22/06/2026
زەمەن_هەواڵ
ئەو داوا یاساییانەی كە رەهەندی سیاسییان پێوە دیارە پەرەدەستێنن و ملكەچی ململانێی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی دەكرێن نەك تەنها ئازادی كاری رۆژنامەگەری، بەڵكو سەروەری یاساش دەخەنە ژێر پرسیارەوە"
راگەیەنراوی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت:
ئەو داوا یاساییانەی كە رەهەندی سیاسییان پێوە دیارە پەرەدەستێنن و ملكەچی ململانێی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی دەكرێن، بەمەش، نەك تەنها ئازادی كاری رۆژنامەگەری، بەڵكو سەروەری یاساش دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
سەنتەری میترۆ، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، زیاتر لە (10) كەیسی تایبەت بە بڵاوكردنەوەی پێ گەیشتووە، كە هەریەكەیان دەبوو بە پێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ بكرێت نەك یاسایەكی تر، بەڵام، پەنابراوە بۆ یاسای ژمارە (6) ی ساڵی 2008 "یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن"، كە سزاكەی لە شەش مانگەوە تا پێنج ساڵ بەندكردنی تێدایە.
ئەم یاسایە ئەوەی تێپەڕاندووە كە تایبەتمەند بێت بە كێشەی كۆمەڵایەتی كە ئامێرەكانی پەیوەندیكردن و ئەنتەرنێت دروستی دەكەن. بەڵكو، دەستەواژەی وەك، (بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو، تۆمەت هەڵبەستن لە رێی ئەنتەرنێتەوە) لە یاساكەدا بۆ مەبەستی جیاواز بەكاردەهێنرێت، بە تایبەتیش دژ بە رەخنەگران و رۆژنامەنووسان.
نوێترینیان، فەرمانی دەستگیركردنە بۆ سەرۆكی بۆردی بەڕێوەبردنی كەناڵ8، ئەحمەد نەجم، و رۆژنامەنووس بژار دەباغ، كە وەزیری ناوخۆ لە 7ی ئایاری 2026، واژۆی كردووە، بەهۆی شەڕی میدیا بەهەمان پاساو زەمینە رەخساوە یەكێتی دژی میدیاكارانی پارتی داوای یاسایی تۆمار بكات.
میترۆ زانیویەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، داوای لە وەزیری ناوخۆ كردووە كە بڕیاری دەسگیركردنەكە دەرنەكات و رەچاوی بارودۆخەكە بكات تا ئامادەبوونی داواكراوان لەبەردەم دادگا، بەڵام دوای ئەم داوایە وەزیر فەرمانەكەی دەركردووە.
لە نووسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆدا، بە ژمارەی 13175، داوا لە گشت هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كراوە كە داواكراوان دەستگیربكرێن و لە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر ئامادە بكرێن.
سەنتەری میترۆ دڵنیایە هیچ بنكەیەكی پۆلیسی سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوبەری داواكەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم جێبەجێناكەن و بە هۆی دابەشبوونی سیاسی، بە وەزیری خۆیانی نازانن، ئەمە بۆ فەرمانەكانی سلێمانیش راستە.
پارتی و یەكێتی بەشێكی زۆری میدیایان بۆ شەڕی سیاسی دامەزراندووە، بۆ شەڕی شكاندنی ركابەرەكان، بۆ شەڕی تۆخكردنی زۆنچێتی و كۆنەقین، شەڕی شێواندنی راستی و تێكشاندنی رۆحی پێكەوەیی، هاوكات كەشێكی گوتارییان رەخساند كە پرۆسەی سیاسی تێیدا زەرەرمەند بێت.
پەرەسەندنی ئەو داوا یاساییانەی كە رەهەندی سیاسییان پێوە دیارە و ملكەچكردنی یاسا بۆ ململانێی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی، نەك ئازادی كاری رۆژنامەگەری ، سەروەری یاساش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئێمە رەتیدەكەینەوە.
پەنابردن بۆ یاسای ژمارە (6) ی ساڵی 2008 "یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن"، لە كەیسەكانی تایبەت بە رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاند، بێ نرخكردنی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007 "یاسای رۆژنامەگەری"ە لە كوردستان و پێویستمان بەكاری هەرەوەزی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی.