وەزارەتی دارایی گۆڕانكاری لە ڕێكارەكانی خانەنشینبوونی فەرمانبەراندا دەكات
03:44 - 04/06/2026
زەمەن_هەواڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕێکارەکانی خانەنشینبوونی فەرمانبەران بەهۆی نەخۆشییەوە توندتر دەکات و ڕێگری دەکات لەوەی تەنیا بە ڕاپۆرتی لیژنە سەرەتاییەکان فەرمانی خانەنشینی دەربکرێت.
ئەمرۆ پێنجشەممە، ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، گشتاندنێکی فەرمی ئاڕاستەى سەرجەم وەزارەتەکان کردووە و تێیدا جەختی کردووەتەوە کە بەمەبەستى پاراستنى بەرژەوەندى گشتى و جێبەجێکردنى دروستى یاسا و ڕێنماییەکان، گۆڕانکاری لە ڕێکارە یاساییەکانى خانەنشینبوونى ئەو فەرمانبەرانەدا دەکەن کە بەگوێرەى ڕاپۆرتى پزیشکى داواى خانەنشینبوون دەکەن. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، لەمەودوا پشت بە ڕاپۆرتە پزیشکییە لاوەکییەکان نابەسترێت.
بەپێی گشتاندنەکە، هەر فەرمانبەرێک داواى خانەنشینبوون بکات بەهۆى نەخۆشییەوە، فەرمانگەی فەرمانبەرەکە بۆی نییە تەنیا پشت ببەستێت بە بڕیارى لیژنەى پزیشکى لاوەکى بۆ دەرکردنى فەرمانى خانەنشینبوون. وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە کە نابێت هیچ فەرمانێک دەربکرێت تاوەکو بڕیارەکە پلەى کۆتاى وەردەگرێت و دڵنیایی تەواو لە باری تەندروستی فەرمانبەرەکە دەکرێتەوە.
وەزارەتى داراى بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەک، بەپێویستى دەزانێت لەلایەن فەرمانگەى پەیوەندیدارەوە لە ماوەى یاساییدا تانە لە بڕیاری لیژنە سەرەتاییەکان بدرێت لەبەردەم لیژنەى تێهەڵچوونەوەى پزیشکى. تەنیا دوای ئەوەی لیژنەی تێهەڵچوونەوە بڕیاری کۆتایی دا و سەلمێنرا کە فەرمانبەرەکە بەڕاستی شایستەى خانەنشیبنبوونە، ئەوکات فەرمانی فەرمی بۆ دەردەکرێت.