ئەو خێزانانەی فۆڕمی خۆراکیان نییە، چۆن نەوت وەربگرن؟
12:51 - 12/04/2026
زەمەن_هەواڵ
پسووڵەی خۆراکی سلێمانی ڕێکارێکی نوێ بۆ ئەو خێزانانە ڕادەگەیەنێت کە فۆڕمی خۆراکیان نییە، تاوەکو لە وەرگرتنی سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەکییەکان بێبەش نەبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٢ی نیسانی ٢٠٢٦، ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەرى پسووڵەى خۆراکى سلێمانى ڕایگەیاند: هەر خێزانێک پسوڵەى خۆراکى نەبێت لە وەرگرتنى نەوت و غاز بێبەش نابێت و بە بڕیارى قایمقامییەتى سلێمانى، ئەم خێزانانە دەتوانن لە ڕێگەی پشتگیرییەکەوە کە لە بەڕێوەبەرایەتیی پسووڵەی خۆراک بۆیان دەکرێت، نەوت و غاز لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمە نەوتییەکان وەربگرن.
ڕوونیکردەوە، ئەو کەسانەی فۆڕمی خۆراکیان نییە، بۆ وەرگرتنی پشتگیری پێویستە ئەم بەڵگەنامانە پێشکەش بکەن: گرێبەستى هاوسەرگیرى، فۆڕمى خۆراکى ماڵى باوکى هەردوو هاوسەر، و کارتى نیشتمانى هەردوولا پاش گواستنەوەى خانە.
دەشڵێت: هاووڵاتییان دوای وەرگرتنی پشتگیرییەکە، سەردانى بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمە نەوتییەکان دەکەن و لەوێ پسووڵەى وەرگرتنى نەوت و غازیان بۆ دروست دەکرێت.