12 کوردستان

بەپەلە.. پێشمەرگەیەك بە موشەكی بالیستی شەهید بوو

04:58 - 07/04/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 پێشمەرگەیەکی برینداری ڕووداوی هێرشە مووشەکییەکەی سەر سنووری سۆران گیانی لەدەستدا.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٧ی نیسانی ٢٠٢٦، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بریندارێکی دیکەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، دوای ١٥ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گەیشتە پلەی بەرز و پیرۆزی شەهادەت.

 پێشمەرگەکە ناوی (وەیسی ئاخر سەعید شێروانی)ـیە و سەر بە فیرقەی پێنجی پیادەی فەرماندەیی دەڤەری یەکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بوو. 

وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی خستووەتە روو، "وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و تەواوی خەڵکی کوردستان، جارێکی دیکە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایانە دەکەینەوە کە دەکرێنە سەر هێزی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان". 

بەرەبەیانیی سێشەممە، ٢٤ـی ئاداری ٢٠٢٦، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە شەش مووشەکی بالیستیی ئێرانی، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی فیرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەک و هێزێکی فیرقەی پێنجی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران. لەو رۆژەدا و ئەنجامی هێرشەکاندا، شەش پێشمەرگە شەهید و ٣٠ـی دیکەش بریندار بوون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن