9 کوردستان

بەپەلە.. وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ؛ درۆنەکان لە ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوون

01:15 - 07/04/2026

زەمەن_هەواڵ

 
وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر هێرشە درۆنییەکانی شەوی ڕابردوو ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: جارێکی تر بەرپرسیارێتیی ئەم بۆردومانانە دەخەینە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچوەکانی عێراق.

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە
شەوی ڕابردوو، ٦ی نیسانی ٢٠٢٦، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کە لەلایەن گرووپە تیرۆرستیە لە یاسا دەرچوەکانەوە ئاراستە کرابوون، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین. هەر هەمان شەو، لە رێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لەئێرانەوە ئاراستەی سنووری هەولێر کرابوون ماڵی پێشمەرگەیەک بە ناوی (موسا ئەنوەر) بە ئامانج گیرا، کە بەداخەوە خۆی و هاوسەرەکەی شەهید بوون.
ئەم دەستدرێژیانە، بەردەوامیی ئەو زنجیرە هێرشە تێکدەرانەیە کە دەکرێنە سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە و ناوچە نیشتەجێبووەکانی هەرێمی کوردستان. وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، دووپاتی دەکەینەوە کە خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت.
جارێکی تر بەرپرسیارێتیی ئەم بۆردومانانە دەخەینە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچوەکانی عێراق.
لەسەر فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پێویستە ئەرکە یاسایی و ئەمنی و دەستورییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و سنوورێک بۆ ئەم هێرش و بۆردومانانە دابنێت.
وەزارەتی پێشمەرگە
٧ی نیسانی ٢٠٢٦

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن