24 کوردستان

بەپەلە.. سبەی لە رۆژئاوای کوردستان کورد دەچێتە قۆناغێکی نوێی حکومڕانیەوە

02:02 - 01/02/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 سبەی رێککەوتنامەی هەسەدە و دیمەشق جێبەجێ دەکرێت و لە قامشلۆ قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت و فرۆکەخانەی شارەکە و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی سووریا دەکرێن.

  ئەمڕۆ یەکشەممە، ١ی شوباتی ٢٠٢٦، بەپێی زانیارییەکانی ''زەمەن'' بڕیارە سبەی دووشەممە، لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەی گشتگیر، هێزی ئەمنی حکوومەتی سووریا لە چوارگۆشەی ئەمنی قامشلۆ جێگیر بکرێن.

لە قۆناغی یەکەمدا  فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە 3 لیوای 16 هەزار کەسی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێت و پرۆسەی تێکەڵ کردنەوەی هێزەکانی هەسەدە و حکوومەتی سووریا مانگێک دەخایەنێت.

دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی سووریا کران، لە قۆناغی دووەمدا کێڵگە نەوتییەکانیش رادەست دەکرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی هەینی رابردوو ٣٠ی کانوونی دووەم،  ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی ڕێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکومەتی سووریا بڵاوکردەوە، تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پڕۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندرا.

بەپێی دەقی ڕێککەوتنەکە، هەردوولا پابەند دەبن بە راگرتنی تەواوەتیی شەڕو کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە خاڵەکانی بەریەککەوتن.

 لە رووی ئەمنییەوە، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان (ئاسایش) لە ناوچەکەدا دەست پێ دەکات. 

لە رووی سەربازییەوە، بڕیار لە پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە 3 لیوای هێزەکانی سووریای دیموکرات پێکدێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیوایەکی تایبەت بۆ هێزەکانی کۆبانێ لە ناو فیرقەیەکی سەر بە پارێزگای حەلەب دراوە.

رێککەوتننامەکە لایەنی ئیداری و مەدەنیشی گرتووەتەوە، بە جۆرێک کە سەرجەم دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەخرێنە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریا و فەرمانبەرە مەدەنییەکان لە کارەکانیان جێگیر دەکرێن.

 خاڵێکی هەرە گرنگی ڕێککەوتنەکە بریتتییە لە چارەسەرکردنی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد و دابینکردنی گەرەنتی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، ئەم هەنگاوانە ئامانج لێیان یەکخستنی تەواوەتی سووریا و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەیە لە رێگەی هاوکاریی نێوان هەموو لایەنەکانەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن