دەسەڵاتدارانی ئێران دەستیان لەسەر دڵیانەو چاوەڕێی بڕیارەکەی ئەمڕۆی ترەمپن
12:00 - 13/01/2026
زەمەن - هەواڵ
ئێران چاوەڕێی بڕیاری ئەمڕۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات دەربارەی
چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا.
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی توندوتیژییەکانی خۆپیشاندانەکان، هەر ئەمڕۆ ئەمریکا
داوای لە هاووڵاتییەکانی کرد دەستبەجێ ئێران بەجێبهێڵن.
دوێنێش تاران جەختی لەوە کردەوە کە کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن
“کراوەن” و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە باڵیۆزانی بیانی ڕاگەیاند کە وڵاتەکەی
“شەڕی ناوێت بەڵام ئامادەشە بۆ شەڕ”.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هۆشداری دەدات و ترەمپ بە ئاشکرا هەڕەشەی
تاوتوێکردنی “بژاردەی بەهێز” دەکات، لە نێویشیاندا گرتنەبەری ڕێکاری سەربازیی.
دوێنێ ڕۆژی دووشەممە و دوای 16 ڕۆژ لە سەرهەڵدانی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی جەماوەری،
دەسەڵاتدارانی ئێران لایەنگرانی خۆیان لە گۆڕەپانەکانی تاران و شارەکانی دیکە کۆکردەوە؛
ئەم هەنگاوەش بە ئامانجی نیشاندانی کۆنترۆڵکردنەوەی بارودۆخەکە بوو.
تەلەفزیۆنی فەرمی دیمەنی گردبوونەوەکانی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاڵای کۆماری
ئیسلامی بەرزکرابوونەوە و دروشم دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل دەوترایەوە
و مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماریش، یەکێک بوو لەوانەی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا
کرد.
لای خۆشیەوە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، هەڕەشەی وەڵامدانەوەی
توندی کرد لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، و غوڵام حسێن موحسنی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی
دادوەریش ڕایگەیاند کە “تۆڵەی خوێنە ڕژاوەکان دەکەنەوە” و پەلە دەکەن لە دادگاییکردنی
تۆمەتباران.
لە لایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە ئۆسلۆیە، ڕایگەیاند
کوژرانی لانیکەم 648 خۆپیشاندەریان پشتڕاستکردووەتەوە و هۆشداریشی داوە کە لەبەر نەبوونی
ئاماری فەرمی، ڕەنگە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان زۆر لەوە زیاتر بێت.