27 کوردستان

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: مەترسیی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب هەیە

11:14 - 10/01/2026

زەمەن - هەواڵ

 

 ئەمڕۆ شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بانگەوازێکی بەپەلەی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سەبارەت بە مەترسیی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب، ئەوەش بەهۆی بۆردوومانی بەردەوامی نەخۆشخانەی "خالید فەجر" لەلایەن سوپای عەرەبیی سووری.

ئیدارەی خۆسەر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانەوە نەخۆشخانەی خالید فەجر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەرنامە بۆداڕێژراو کراوەتە ئامانج. جەختیشی کردەوە کە بۆردومانکردنی ئەم نەخۆشخانەیە وەک دامەزراوەیەکی مەدەنی، دەچێتە خانەی "تاوانی جەنگ" و پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەردەوامیی ئەم دۆخە ژیانی نەخۆش و بریندار و پزیشکان دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، کە ئەمەش ئەگەری ڕوودانی کۆمەڵکوژی و کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە."

بەڕێوەبەریی خۆسەر هۆشداریدا لەوەی کە بەردەوامیی بۆردومانەکان دەبێتە هۆی بێبەشبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی لە مافی چارەسەر و زیادبوونی ژمارەی قوربانییان.

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەریی خۆسەر داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و دابینکردنی پاراستن بۆ نەخۆشخانەکان و تیمە پزیشکییەکان تا بتوانن بەبێ بەربەست درێژە بە کارەکانیان بدەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن