بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی تونس بە ٧٠ کۆچبەرەوە نقومبوو
11:40 - 22/10/2025
زەمەن پرێس:
بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناراوەکانی وڵاتی تونس نوقمبوو،
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان زیاتر لە ٤٠ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.
وەلید شەتبری، وتەبێژی دادگای پارێزگای مەهدیە لە تونس ڕایگەیاند،
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناراوەکانی وڵاتی تونس
نوقمبوو، بەگوێرەى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لانیکەم ٧٠ کەس لەناو بەلەمەکەدا بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەرمی ٤٠ کۆچبەر هەڵگیراونەتەوە کە
ژمارەیەک منداڵیان تیادابووە و ٣٠ کەسی دیکەش ڕزگارکراون.
بەوتەی وەلید شەتبری، کۆچبەرەکان خەڵکی وڵاتانی کیشوەری ئەفریقان.
بەگوێرەى ئامارەکانى ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی، لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە، ٣٢
هەزار و ٨٠٣ کەس لەو ڕێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە یاخود بێسەرشوێن بوون.