٩٠٪ی مۆلیدەکان کە پێشتر راگیرابوون کەوتونەتەوە ئیشپێکردن
01:53 - 27/07/2026
زەمەن - هەواڵ
بەهۆی کەمبونەوەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر و کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی، مۆلیدە ئەهلییەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بوونەوە بە سەرچاوەی دابینکردنی وزە بۆ هاونیشتمانیان.
دۆخی مۆلیدەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.
هۆرات خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ڕایگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ناو شار و دەوروبەرییەوە، 2,200 مۆلیدەی ئەهلی هەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای خراپبوونی دۆخی کارەبای نیشتمانی، سەرجەم ئەو مۆلیدانە دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە و هەر کاتێک کارەبای حکومی بپچڕێت، دەستبەجێ کارەبا بە هاونیشتمانیان دەدەن.
کارکردنی مۆلیدەکان لە ناو سەنتەری شاری سلێمانی
سەبارەت بە شاری سلێمانی، فازڵ سەعید، سەرپەرشتیاری کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان ئاشکرای کرد کە لە ناو سەنتەری شاردا 524 مۆلیدەی ئەهلی هەن، لەو ژمارەیەش ئێستا 518 مۆلیدەیان لە کارکردن بەردەوامن. ڕوونیشیکردەوە کە تەنیا 6 مۆلیدە لەو شوێنانەی پڕۆژەی ڕووناکی تێدابوو لادراون و لە ئێستادا دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە بێ کارەبان و هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیان بۆ دەدرێت.
گەڕانەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە دهۆک و هەڵەبجە
لە سنووری پارێزگای دهۆک، بەهۆی ئەوەی پڕۆژەی ڕووناکی تەنیا 70%ـی جێبەجێ کراوە، مۆلیدەکان پێشتریش لە کارکردن نەوەستابوون و ئێستا بە تەواوی توانایانەوە کار دەکەن. لە پارێزگای هەڵەبجەش بە هەمان شێوە، لە کۆی 71 مۆلیدەی ئەهلی، 59 مۆلیدەیان دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە کارەبای نیشتمانی دروستبووە.