80 کوردستان

سوریا ڕێزلێنان دەبەخشێتە بكوژی به‌رپرسێكی كورد

03:15 - 12/10/2025

زەمەن _ هەواڵ

 

 ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، شەش ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی هەڤرین خەڵەف، سکرتێری گشتی پارتی سوریای ئایندە تێدەپەڕێت و بکوژەکەی لەلایەن سوپای سوریاوە ڕێزی لێگیراوە.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥،  ڕوانگەی سوری بڵاویكردەوە، بە وێنە و گرتە ڤیدیۆییە بەڵگەدارەکان سەلمێنراوە کە ئەحمەد ئەلهاس ناسراو بە ئەبو حاتم شەقرا بە شێوەیەکی کەسی و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە تیرۆرکردنی سەرکردەی دیار و سکرتێری گشتی پارتی سوریای ئایندە، هەڤرین خەڵەفەوە هەیە، كە تیرۆرکردنەکە لە (تشرینی یەکەم/10)ـی ساڵی 2019 لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدرا، و بکوژەکەی لەلایەن سوپای سوریاوە ڕێزی لێگیراوە لەكاتێكدا لە لیستی سزادراوانی ئەمریكادایە و تاوانبارە بەچەندین تاوانی دژی مرۆڤایەتی.

ئاماژەی بەوەشكرد، وێنە و زانیارییە بەڵگەدارەکانی ئەو کاتە پشتڕاستیان کردەوە کە پێش ئەوەی هەڤرین خەڵەف بکوژرێت و وێنەی بگیرێت، لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا لەگەڵ هاوڕێکانی دەستگیرکراوە. بکوژان و تاوانباران بینراون کە شانازی بە کارەکانیانەوە دەکەن.
ڕوانگەی سوری باسی لەوەشكردوە، سەرەڕای ئەو تاوانە قێزەونە و تاوانەکانی دیکە کە ئەبو حاتم شەقرا ئەنجامی داون، لە ساڵی 2023 ڕێزی لێگیرا بە بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ماردین لە تورکیا، "وڵاتێک کە پشتیوانی ئەو و گروپەکەی دەکات".

ئەوەشیخستەڕو، بەگوێرەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، ئەبو حاتم شەقرا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێوەگلاوە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا. لەوانە بازرگانیکردن بە ژنان و منداڵانی ئێزدی و دامەزراندنی ئەندامانی ڕێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی". جگە لەوەی فەرماندەی زیندانی ئەحرار ئەلشەرقییە بوە و سەدان دەستگیرکراوی لە ساڵی 2018 لە سێدارە داوە.

بەگوێرەی ڕوانگەی سوری، ئەبو حاتم شەقرا لەلایەن حکومەتی کاتی سوریاوە وەک فەرماندەی فرقەی 86 ڕێزی لێگیراوە، سەرەڕای ئەوەی بە تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار کراوە.

لایخۆیەوە، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دوپاتی دەکاتەوە کە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بە تێپەڕبونی کات لەبیر ناچنەوە. هەروەها داوای دادگاییکردن و لێپێچینەوە لە هەمو ئەو کەسانە دەکات کە تێوەگلانیان لەم تاوانانەدا دەسەلمێنرێت، بەبێ گوێدانە پلە یان ئاستی سەربازی و ئەمنییان، جا سەر بە ڕژێمی پێشو بن یان ڕژێمی ئێستا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن