دامەزراوەیەکی جیهانی پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتر بۆ نرخی زێڕ دەکات
03:03 - 12/10/2025
زەمەن _ ئابووری
بەشێک لە دامەزراوە بانکییەکان پێشىینی دەکەن نرخی زێڕ بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە و بگاتە چوار هەزار و 200 دۆلار، بەم ئاستە نرخی مسقاڵێک لە زێڕی عەیارە21 زیاتر لە 30 هەزار دیناری دیکەی بچێتە سەر.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا دامەزراوەی دارایی و بانکی یو بی ئێسی سویسڕی ڕایدەگەیەنێت، هەرچەندە لە ئێستادا نرخی زێڕ لە ئاستێکی بەرزدایە بەڵام هێشتا هۆکاری جیاواز هەن بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ و پێشبینی دەکات نرخی ئەو کانزا زەردە لە چەند مانگی داهاتوو بۆ چوار هەزار و 200 دۆلار بەرزبێتەوە واتا نرخی مسقاڵێک لە زێڕی عەیارە21 کە ئەمڕۆ بە 825 هەزار دینارە بگاتە 862 هەزار دینار.
لەبارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ، یوو بی ئێس ڕوونی دەکاتەوە، چەند هۆکارێک پشتگیری لە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەکەن، لەوانە: کەمکردنەوەی ڕێژەی سوو لەلایەن بانکە ناوەندییەکان بەتایبەت لە ئەمەریکا و بەردوامی هەڵاوسان، دەرئەنجام نرخی زێڕ بەرزدەکەنەوە چونکە زێڕ پەیوەندییەکی پێچەوانەی لەگەڵ ڕێژەی سوو هەیە و لە کاتی کەمکردنەوەی ڕێژەکە زێڕ لەلایەن وەبەرهێنەران سەرنجراکێشتر دەکات.
یوو بی ئێس، ئاماژە بەوە دەکات، خواستی جیهان بۆ زێڕ لە ئاستێکی بەرزدایە، بە تایبەت خواست لەلایەن بانکە ناوەندییەکان و تاکەکان، وێڕای خواستی بەهێز لەسەر سندوقەکانی وەبەرهێنانی زێڕ. پێشبینی دەکات، کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکان لە ساڵی 2025 لە نێوان 900 بۆ 950 تۆن زێڕ بێت. لەبارەی خواست لەسەر سندوقەکانی وەبەرهێنانی زێڕ یوو بی ئێس جەخت دەکاتەوە، نزیک دەبێتە لە بەرزترین ئاستی مێژوویی و هاوکات، خواستی تاکەکەسی وێڕای بەرزی نرخی زێڕ بەبەهێزی ماوەتەوە، ئامارەکانی کۆمپانیای " Perth Mint"ـی ئوسترالی دەیدەخەن، لە مانگی ئەیلوول فرۆشی زێڕ بە 21% بەرزبووەتەوە، بە گشتیی پێشبینی دەکرێت، ئەمساڵ خواست لەسەر زێر بگاتە چوار هەزار و 850 و تۆن بەرزترین ئاست لە دوای 2011 تۆمار بکات.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیەیدا، یوو بی ئێس ئامۆژگاری وەبەرهێنەران دەکات، بەشێک لە سامانەکانیان بکەن بە زێڕ و بەشەکەی دیکەی هەمەچەشن بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە مەترسییەکانی بازاڕ لە نێویاندا هەڵاوسان و نادڵنیای بەدوور بگرن، بە جۆرێک 5%ـی سامانەکەیان بۆ زێڕ تەرخان بکەن.
پێشبینییەکانی یوو بی ئێس لە کاتێکدایە، داخرانی حکوومەتی ئەمەریکا بەردەوامە و هێشتا دیموکرات و کۆمارییەکان لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای دابینکردنی خەرجییە فیدڕاڵییەکان نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن، سەرەڕای جەنگی بەردەوام لە نێوان رووسیا و ئۆکڕانیا کە دەتوانن پشتگیریی لە نرخی زێڕ بکەن.