سەربەست مستەفا :سیستمی ئێستای ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی پارتە گەورەکاندایە"
02:59 - 08/10/2025
زەمەن - هەواڵ
پارت و ھێزە سیاسییەکانی عێراق خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادە کردووە کە بڕیارە لە ١١ ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت، لەکاتێکدا سەرنج خراوەتە سەر سرووشتی ڕکابەرییەکە کە چاودێران پێشبینی دەکەن بەربژێرە سەربەخۆکان لە رکاربەریکردنیان لەگەڵ پارتە گەورەکاندا، ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببنەوە.
لە سایەی چاوەڕوانییەکی بەربڵاودا، چەندین پرسیار لەسەر توانای مافی ھەڵبژاردن بۆ گۆڕانکاریی لە دیمەنی سیاسییدا دەکرێن و چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە سیستەمی ئێستای ھەڵبژاردن، پێگەی پارتە گەورەکان بەھێزتر دەکات.
ژمارەیەک لە شارەزایان پێیانوایە، گەڕاندەوەی سیستەمیی سانت لیگۆ بۆ ھەڵبژاردن، لە بەرژەوەندی پارتە گەورەکاندایە و، ئەو سیستەمە توانای پارتە بچووکەکان و بەربژێرە سەربەخۆکان لە ڕکابەریکردن بۆ بەدەستھێنانی کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، لاواز دەکات.
ھەروەھا چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن کە ھێشتا سەرکەوتن بەسەر ئامادەبوون و ڕۆڵی پارتە گەورەکاندا قورس و زەحمەتە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکەن ئەنجامی ھەڵبژاردنی ڕەنگە براوەی زۆرینەی ڕوون نەبێت.
ئەم گریمانەیە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو دووبارە پشت بە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەبەستێت.
- شیکردنەوەی ھەڵبژاردن و دۆخی سیاسی
شارەزای بواری ھەڵبژاردن و سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، سەربەست مستەفا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بنەمای یاسایی ئەم ھەڵبژاردنە لە عێراق، یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ یە کە بە یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٣ ھەموارکراوەتەوە".
گوتیشی: "لەچوارچێوەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان، سیستەمی ھەڵبژاردن لە (فرەبازنەیی)یەوە گەڕێندراوتەوە بۆ سیستەمی سانت ليگۆ، واتا ھەر پارێزگایەک دەبێت بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن دەبێت".
باسی لەوەش کرد، سیستەمی ھەڵبژاردن (سانت ليگۆ) کە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران پشتی پێ بەستراوە، لە بەرژەوەندی پارتە گەورەکان دایە و لە بەرژەوەندی پارتە بچووکەکان و بەربژێرە سەربەخۆکان دا نییە.
ھەروەھا سەربەست مستەفا ڕاشیگەیاند: "ناکرێت ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵی ٢٠٢١ دووبارە ببێتەوە، چونکە ئەو سیستەمەی کە لەو کاتەدا پەیڕەو دەکرا سیستەمی فرەبازنەیی بوو و دەنگدەر دەنگی بەیەک بەربژێر دەدا کە ئەو سیستەمە یارمەتیدەر بوو بۆ سەرکەوتنی ژمارەیەک بەربژێری سەربەخۆ".
گوتیشی: " لەبەر ئەوەی سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، موقتەدا سەدر بایکۆتی پرۆسەی ھەڵبژاردنی کردووە ، ئەنجامی ھەر ھەڵبژاردنێک ڕەنگدانەوەی واقیعی سیاسی نییە".
گوتیشی: "لەو باوەڕەدانییم، حکوومەتی داھاتووی عێراق جیاواز بێت لە حکوومەتەکانی پێش خۆی، بەڵام ڕەنگە قەبارەی فراکیسیۆنەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەتایبەت شیعەکان لەگەڵ دەرکەوتنی ھێز لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگیدا، بگۆڕدرێت".
سەربەست مستەفا سەبارەت بە ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا، گوتی: "یاسای ھەڵبژاردن پارە بۆ بانگەشەکانی ھەڵبژاردن لەلایەن سەرچاوە بیانییەکانە قەدەغە کردووە، چی تاک بێت یان دەستەکان".
گوتیشی: "بەڵام نەبوونی چاودێری لەسەر سەرچاوەی دارایی پارتەکان و پێشکەشنەکردنی ڕاپۆرتی ساڵانەی دیوانی چاودێری دارایی لەسەر دۆخی دارایی پارتەکان بە پشتبەستن بە یاسای پارتەکان، کەواتە ھەموو شتێک ڕێگا پێدراوە".
ھەروەھا سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، سەربەست مستەفا سەبارەت سەبارەت بە کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردندا، گوتی: " ئەمە بۆ چەند ھۆکارێک دەگەرێتەوە کە بریتین لە نەبوونی بایەخی سیاسی و گرنگی نەدان بژێوی ژیانی ھاووڵاتییان، ھەروەھا ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دۆخەکە".
بۆ دووبارە بەدەستھێنانەوەی متمانەی دەنگدەران وئەنجامدانی چاکسازی لە عێراق، ئەوا سەربەست مستەفا داوای لە حکوومەتی داھاتووی عێراق کرد کە زنجیرە ھەنگاو لەوبارەیەوە بنێت، لەوانە "کۆتاییھێنان بە ھەژموونی پارتەکان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، جێبەجێکردنی یاساکان، پشت بەستن بە لێھاتوویی و شارەزایی لە دامەزراندن و پابەندبوون بە دەستوور".
بڕیارە ڕۆژی ١١ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.
- ڕاوبۆچوونی دەنگدەران
ڕای گشتیی عێراق سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکان تێکەڵەیەک لە چاوەڕوانی و گومان دەردەخات، چونکە زۆرێک لە دەنگدەران پێیان وایە کە لەوانەیە پرۆسەی ھەڵبژاردن، نەبێتە مایەی ئەنجامدانی گۆڕانکاری ڕاستەقینە.
لەوبارەیەوە قوتابیانی زانکۆ، سەیف سەڵاح مەھدی (٣٨ ساڵ) ئەم تەحەدایە بۆ چەند ھۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێنێتەوە کە گرنگترینان بریتیین لە "چەسپاندنی چینی سیاسی ئێستا و سەرنەکەوتنی بەربژێرە نوێیەکان، ئەمە جگە لە بوونی گەندەڵی و دەستکاریکردن بە ئەنجامی ھەڵبژاردن، ھەروەھا لاوازی بەشداریی دەنکدەران، کە ئەمەش دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی ڕەوایەتی پرۆسەی ھەڵبژاردن".
ئەو بابەتانەی کە پێویستە بەربژێران باسی بکەن، دەنگدەران لەسەر گرنگی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان کۆک بوون
ھەروەھا دەنگدەران کۆکن لەسەر ئەوەی کە گرنگترین ئەو پرسانەی پێویستە بەربژێرەکان چارەسەریان بکەن، بریتیین لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.