هێڵێکی خێرای پاس لە زانکۆی سلێمانییەوە بۆلای سلێمانی پاڵاس دادەنرێت
12:52 - 28/09/2025
زەمەن _ سلێمانی
زانکۆی سلێمانی بڵاویکردەوە، پڕۆپۆزەڵی پرۆژەی هێڵی پاسی خێرا (Bus Rapid Transit -BRT) لە زانكۆی سلێمانییەوە بۆ سلێمانی پاڵاس، لەلایەن تیمێكی فیللەندییەوە گەڵاڵە دەكرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٥، (پ.ی.د.چرۆ حەیدەر) یاریدەدەری ڕاگری كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی رایگەیاند: ئامانجی سەردانی ئەو وەفدە فینلەنددیە گفتوگۆكردن بوو لەبارەی ئامادەكردنی پرۆپۆزەڵێك بۆ دروستكردنی هێڵێكی پاسی خێرا لە زانكۆی سلێمانییەوە بۆ لای سلێمانی پاڵاس.
وتیشی: “وەك تیمی ڕاوێژكاری ڕێگەوبان و پلانسازی شار لە كۆلێژی ئەندازیاری ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكارییەكمان بۆ وەفدەكە دەربڕی، بەتایبەت لەڕووی ئامادەكرنی پرۆپۆزەڵەكە و كۆكردنەوەی داتا و بەرنامەكانی كۆمپیوتەر، بۆ ئەو مەبەستەش داوامان لێكردن بەشێوەیەكی فەرمی لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە داواكارییەكانیان ڕەوانەی زانكۆی سلێمانی بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، گرنگی پرۆژەكە لەوەدایە، كە دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر شەقامەكان، بەتایبەت كە خەڵك زۆر پشت بەئۆتۆمبێلی تایبەتی دەبەستێت و گواستنەوەی گشتی (Public transport) زۆر كەمە، ئەوەشی هەیە لەو ئاستەدا نییە، كە خەڵك بتوانێت بەكاریبهێنێت.
ڕوونیشیكردەوە، سەرەتا دەیانەوێت وەكو نموونەیەك ڕاستە شەقامی زانكۆی سلێمانی بۆ سلێمانی پاڵاس وەربگرن، بەو سیفەتەی كە زانكۆ ژمارەیەكی زۆر خوێندكاری هەیە، هێڵەكەش لەناو سەنتەری شارەوە دێت بەرەو زانكۆ، تاڕادەیەك مەودایەكی دوورە، بۆیە دەیانەوێت دیراسەیەكی ئەو هێڵە بكەن، بزانن تا چەند خەڵك بەكاریدەهێنێت و پشتبەستن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت كەمدەبێتەوە.