سودانی: ئەو ڕێککەوتنە دەستپێکێکە بۆ چارەسەری کێشەی مووچە و بوژانەوەى هەرێم
07:18 - 27/09/2025
زەمەن
پرێس:
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پەیوەندییەکی
تەلەفۆنی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق پێگەیشت و رایگەیاند: کە
ئەو ڕێککەوتنە دەستپێکێکە نەک تەنیا بۆ چارەسەری کێشەی مووچە، بەڵکو چارەسەرە بۆ
بووژانەوە و وەبەرهێنانی زیاتر لەپێناو گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی کوردستان و عیراق.
بەپێی
هەواڵی نوسینگەی سەرۆکی یەکێتی، لە سەرەتای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سوودانی،
سەرۆکوەزیرانی عیراق زۆر سوپاسی بافڵ تاڵەبانی کرد بۆ ئەو هەموو هەوڵ و کۆشش و
دەستپێشخەرییانەی کە
لەماوەکانی ڕابردوودا داویەتی بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەردوو حکومەتی عیراق و حکومەتی
هەرێمی کوردستان تاوەکو گەیشتن بە ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی
کوردستان و پیرۆزبایی خۆی پێ راگەیاندن.
هەر لەو
پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سوودانی، رۆڵی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی
بەرزنرخاند وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە بونیادنانی ئەو ڕێککەوتنەدا، راشیگەیاند، کە
ئەو ڕێککەوتنە دەستپێکێکە نەک تەنیا بۆ چارەسەری کێشەی مووچە، بەڵکو چارەسەرە بۆ
بووژانەوە و وەبەرهێنانی زیاتر لەپێناو گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی کوردستان و عیراق.
لە
بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عیراقی کرد بۆ پەیوەندییە
تەلەفۆنییەکە و پیرۆزبایی رێککەوتنەکەی لێکرد، ئەوەشی بە سەرۆکوەزیران محەممەد
شیاع سوودانی ڕاگەیاند، کە بە هیواین سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان
لەدوای ئەم رێککەوتنە وەک ماف و بەپێی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت،
هەروەها ئەم رێککەوتنە ببێتە هۆکاری سەقامگیریی زیاتر لە وڵاتدا.
هەروەها
سەرۆکی یەکێتی پابەندبوونی هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستانی بە
رێککەوتنەکەوە بەپێویست زانی.