«دوور نییە 100 دۆلار بگاتەوە 150 هەزار دینار»
03:31 - 23/08/2025
زەمەن _ ئابووری
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر ڕایگەیاند: رەتکردنەوەی پسووڵەی بازرگانانی کورد لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینارە و دوورنییە ١٠٠ دۆلار بگاتە ١٥٠ هەزار دینار.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٣ی ئابی ٢٠٢٥، سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر ئاشکرایکرد، بانکی ناوەندیی عێراق متمانەی بەو پسووڵانە نییە کە بازرگانانی هەرێمی کوردستان پێشکەشی دەکەن، بۆیە زۆربەیان رەتدەکاتەوە و ئەوەش بازرگانان ناچار دەکات روو لە بازاڕی ئازاد بکەن کە دەبێتەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار و دابەزینی دینار.
هاوکات، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر وتی: "کاتێک بازرگانێکی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە دینارەکەی بگۆڕێتەوە بە دۆلار بە نرخی فەرمی (١٣٢ هەزار دینار)، بانکی ناوەندی داوای پسووڵەی کڕینی کەلوپەل دەکات. بەڵام ئێستا بانکی ناوەندی گومانی لە پسووڵەکان هەیە و بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، نزیکەی ٧٥٪ی ئەو پسووڵانە لەلایەن بازرگانانی هەرێمەوە پێشکەش دەکرێن، رەتدەکرێنەوە یان بۆ ماوەیەکی زۆر دوادەخرێن."
دەشڵێت: "بازرگان هەیە دەڵێت ٤٠ رۆژە پارەم داناوە و هێشتا وەڵامم نەدراوەتەوە و نەچووەتە سەر هەژماری بانکییەکەم. ئەمەش وا دەکات بازرگانەکە ناچار بێ دینارەکەی لە بانک رابکێشێتەوە و لە بازاڕی ئازاددا بیکاتە دۆلار بۆ ئەوەی بتوانێ حەواڵەی بکات و پێشتر پرۆسەکە ١٠ بۆ ١٥ رۆژی دەخایاند و بە وتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر، زیاتر لە مانگێکە ئەو کێشەیە دروستبووە.
وتیشی، ئەگەر پرۆسەکە بە یەکجاری لە هەرێمی کوردستان بوەستێت، نرخی 100 دۆلار رەنگە بگاتە 150 هەزار دینار، چونکە هەموو بازرگانان ناچار دەبن لە بازاڕی ناوخۆ دۆلار بکڕن.