شاخەوان عەبدوڵا: ئەوەی خەڵک لێی دەترسن ناخرێتە ناو دانیشتنەکانەوە
08:21 - 21/08/2025
زەمەن پرێس:
سەرۆکایەتی پەرلەمانی
عێراق دەنگدانی لەسەر یاسای حەشدی شەعبی نەخستووەتە ناو کارنامەی سێ دانیشتنی
داهاتووى، كە بڕیارە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا رێكيانبخات، سەرەڕای هەڕەشەی
هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر، بۆ چوونە ناو ئەنجومەنی نوێنەران بە جلوبەرگی
حەشدی شەعبیەوە.
سەرچاوەیەک لە
پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی " الشرق الاوسط"ی راگەیاندووە: سەرۆکایەتی
پەرلەمان بەنیازە چارەنوسی دەیان پرۆژە یاسای دواخراو یەكلابكاتەوە، كە کۆی
گشتییان نزیکەی (120)یاسایە، هەندێکیان گرنگن و پێویستیان بە دەنگدان هەیە.
ئەو سەرچاوەیە باسی
لەوەشکردوە، ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران نەتوانێت هەفتەی داهاتوو دانیشتنەکانی
رێكبخات، ئەوا سەرجەم یاساکان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان دوادەخرێن.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، رۆژی
دووشەممەی داهاتوو دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکاتەوە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان، وتیشی: ئەوەی خەڵک لێی دەترسن، ناخرێتە ناو
دانیشتنەکانەوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی كرد.