سەنتەری میترۆ: دەبوو شێروان لە ناو ماڵ و مناڵی بێت نەك زیندان
02:18 - 19/08/2025
زەمەن:-
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، لەسەرەتای دادگاییكردنی شێروان شێروانی و هاورێكانی مەرجەكانی دادگایی دادپەروەرانە پەیڕەو نەكراوە و بەدەر نەبووە لە دەستتێوەردانی سیاسی، ئامانج لەو پرۆسەیە دامركاندنەوە و كپكردنی دەنگە ناڕازییەكانە. داوا دەكەین لە دادگای پێداچوونەوە بڕیارەكە هەڵبووەشێندرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئابی 2025، سەنتەری میترۆ رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە دادگای كەسنەزان، شێروان شێروانی، چالاكوانی حوكمدراو لە هەولێر، بە چوار ساڵ و پێنج مانگی دیكە سزا درا".
محەمەد عەبدوڵا، یەكێك لە پارێزەرەكانی شێروان شێروانی سەبارەت بە بڕیارەكە رایگەیاند، "دانیشتنی دادگای بنەسڵاوە لە كەسنەزان لەسەر سێیەم دۆسیە دژی شێروان بەڕێوەچوو، لەسەر سكاڵای كەسێك بە مادەی 229 لە یاسای سزادان حوكمدرا".
ئاماژەی بەوەکرد، "بەبێ بەڵگەی یەكلاكەرەوە دادگا سزای چوار ساڵ و شەش مانگیدا، بەڵام دۆسیەكە یاسایی نییە و لە دەرەوەی دادگا دەستوەردانی لێكراوە".
پێشتر، لە 16ی شوباتی 2021، دادگای هەولێر بڕیاریدا شێروان شێروانی و 4 هاوڕێی دیكەی، بەپێی مادەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە (21) بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزا بدرێن.
لە 20ی تەموز 2023، سەرلەنوێ دادگای كەتنی هەولێر، (شێروان شێروانی) ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانی بە مادەی 298 و 295 سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ دەركرد و بەسەریدا سەپاند.
بەپێی دەركردنی لێبوردن بۆ شێروان شێروانی هاوڕێكانی لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، دەبوو لە مانگی ئاداری ئەمساڵ ئازاد بكرێت، بەڵام دۆسییەی تازەی بۆ كرایەوە.