حكومەتی هەرێم بڕیارێكی دیکەی بۆ خانەنشینی دەركرد
08:42 - 19/08/2025
زەمەن پرێس:
وەزارەتی کاروباری
شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، بڕیار درا بە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ
ئەو زیندانییە سیاسییانەی دەکەونە چوارچێوەی کۆمەڵەی ٩ تا ١٥ و هاوکاری (مینحە)ـی
مانگانەیان نییە.
وەزارەتی کاروباری
شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نوسراوێکدا کە کۆپیەکی دەست زەمەن
کەوتووە، هاتووە " دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەت، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندیی
داوە کە ئەو زیندانی و گیراوە سیاسییانەی سەربە وەجبەکانی (٩ تا ١٥)ـن و هاوکاری
مانگانەیان نییە، بە بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٠ ساڵەوە بۆ ٦٥ ساڵ
سوودمەند بن".
ئاماژەى بەوەشکردوە،
ئەو بڕیارە پاڵپشتە بە بڕیاری ژمارە (١٩١)ـی ئەنجومەنی وەزیران کە لە ١٥ـی کانوونی
دووەمی ٢٠٢٥ دەرچووە.
وەزارەتی کاروباری
شەهیدان و ئەنفالکراوان هەر لەنوسراوەکەدا راشیگەیاندووە "بەردەوام دەبین لە
هەوڵەکانمان بەمەبەستی زیاتر خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی".