59 کوردستان

بەپەلە.. رێکخراوێکی نێودەوڵەتی دژ بەحوکمە نوێیەکەی شیروان شێروانی هاتە دەنگ

01:42 - 19/08/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 ڕێکخراوی CPT نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: دەبێت سزای سەر شێروان شێروانی هەڵوەشێتەوە و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ١٩ی ئابی ٢٠٢٥، پاش ئەوەی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس، شێروان شێروانی، لەلایەن دادگای کەسنەزان لە هەولێر، سزای چوار ساڵ و شەش مانگی دیکەی بەسەردا سەپێنرا، ئەو سزادانەش لەلایەن چالاکوانانەوە ناڕەزایی دژی بڕیار دادگا لێکەوتەوە و ڕێکخراوی CPT نێودەوڵەتیش بەیەننامەیەکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بخوێنەوە:

 مامەڵەی دوژمنکارانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرامبەرار بە ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، دانیشتنی دادگاییکردنی ڕۆژنامەوانی زیندانیکراو، (شێروان شێروانی) لەسەر کەیسێکی نوێ، لە دادگای کەتنی بنەسڵاوە بەڕێوەچوو.

دوای دوو کاتژمێر لە دادگاییکردن، شێروان شێروانی، بە گوێرەی ماددەی (٢٢٩) لە یاسای ژمارە (١١١)ی سزادانی عێراقی، بە هەڕەشەکردن لە فەرمابەرێکی ئەمنی ناو زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێر تاوانبار کرا و دواتریش بە (٤) ساڵ و پێنج مانگ زیندانیکردن، حوکمدرا.

تیمی کوردستانی عێراقی CPT، ئاژانسی نێودەوڵەتی و چەند پەرلەمانتارێک چاودێری پڕۆسەی دادگاییکردنەکەیان کرد. تیمی CPT، چەندین پێشێلکاری زەق و ئاشکرای لە پڕۆسەی بەڕێوەچوونی دادگاییەکە تۆمارکرد، کە بریتی بوون لە:
١-پارێزەرەکان مافی بینینی تەواوەتی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە و پێشکەشکردنی پەڕاو و داواکاریان پێ نەدرابوو.

٢-ناوەوەی دادگا و دەرەوەی باڵەخانەی دادگا، بەسەربازگە کرابوو. هەروەها چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان، بە جلی مەدەنی و بە چەکەوە لە ناو چاودێرانی پڕۆسەکە، خانەوادە و هاوکارانی شێروان بڵاوەیان پێکرابوو.

٣-سکاڵاکار، بانگەشەی هەبوونی دوو گەواهیدەری دەکرد، کە گوایە لەو کاتەی کە شێروان هەڕەشەی لێکردووە ئامادەییان هەبووە. شێروان ڕەتی کردەوە کە هیچ هەڕەشەیەکی کردبێت و داوای هێنانی پێشکەشکردنی بەڵگەی ڤیدیۆیی کرد بۆ ئەم ڕووداوە. بە بیانووی ئەوەی کە لەم ڕۆژەدا، کامێراکانی چاودێری، ڤیدیۆکانی تۆمار نەکردووە، هیچ ڤیدیۆیەک وەکو بەڵگە پێشکەش بە دادگا نەکرا.

٤- کۆمەڵێک پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکو بەڵگە پێشکەش کرابوون، کە سکاڵاکار، ئاماژەی بەوەدا، سوکایەتی پێکراوە و ناوی زڕێندراوە. بەڵام کاتی بڵاو بوونەوەی ڤیدیۆکان  کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٢ و ٢٠٢٣)، شێروان شێروان لە زینداندا بووە و هیچ کەسێکیش لە زینداندا ڕێگەپێدانی نیە بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. چۆن دەکرێت ڤیدیۆیەک کە ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی بڵاوی نەکردبێتەوە و لە کاتی بڵاوکردنەوەشیدا لە زیندان بووبێت، بخرێتە پاڵی و وەکو بەڵگە وەربگیرێت؟!.

٥-بەگوێرەی ئەو ماددە یاساییەی کە شێروان شێروانی پێ تاوانبار کراوە، قورسترین سزا بۆ کەسی تاوانبار (٢) ساڵە کە ئەگەر هەڕەشە یاخود پەلاماری فەرمانبەرێکی حکومی یاخود ئەنجومەنێکی فەرمیدابێت. خۆ ئەگەر هەڕەشە و پەلامارەکە، بەرامبەر بە دادوەرێک، یاخود ئەنجومەنێکی دادوەری بوو، ئەوا قورسترین سزا بۆ تاوانبار (٣) ساڵ دەبێت. بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە، کە بەگوێرەی هەمان ماددەی یاسایی، ئەمڕۆ شێروان شێروانی بە قورسترین شێوە، بە (٤) ساڵ و پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا.

٦- بەبیانووی، نەبوونی شوێنی پێویست، زۆرینەی چاودێرانی کۆنسوڵخانەکان، ڕێکخراوەکان، پەرلەمانتاران و تەنانەت خانەوادەی شێروان شێروانی ڕێگریان لێکرا چاودێری پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بکەن.

٧- لە دوای تەواوی بوونی پڕۆسەی دادگاییکردنەکە، بەشێک لە ڕۆژنامەوانان، چالاکوانان و خانەوادەی شێروان شێروانی لەبەردەم باڵەخانەی دادگاکە، ناڕەزایەتی مەدەنییان دەربڕی، بەڵام کۆمەڵێک خەڵکی چەکدار، بە جلی مەدەنییەوە هێرشیان کردە سەر بەشدارانی ناڕەزایەتییەکە و بە لێدان و ئەشکەنجەدان بڵاوەیان پێکردن.

ئێمە لە تیمی کوردستانی عێراقی CPT، ناڕەزایەتی قوڵی خۆمان بەرامبەر بە بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین، ترساندن و تۆڵەکردنەوە لە ڕۆژنامەوانان دەردەبڕین. بەردەوامی مامەڵەی دوژمنکارانە و حوکمی نادادپەروەرانە بەرامبەر بە ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ مەوداکانی ئازادی بەرتەسک دەکەنەوە و هەڕەشەی جددی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دروستدەکەن.

داواکارین سەرجەم ناوەندەکانی پەیوەست نە مافەکانی مرۆڤ، کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتی ووڵاتان، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، فشاری جددی بکەن، بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سزادانی شێروان شێروانی لە قۆناغی (تەمیز)دا.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن