مەسعود بارزانی: هیوادارم پێش هەڵبژاردنی مانگی ١١ کابینەی حکومەتی هەرێم پێکبێت
04:46 - 04/08/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
مەسعود بارزانی بە باڵیۆزی ئەڵمانیای لە عێراق لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ڕاگەیاند؛ گەڕانەوە بۆ پرەنسیپەکانی تەوافق، تەوازن و شەراکەت باشترین چارەسەرە و "ئێمە دەمانەوێ دەستور جێبەجێ بکرێت."
ئەمڕۆ دووشەممە، ٤ی ئابی، ٢٠٢٥، بارەگای بارزانی ڕایگەیاند: لە پیرمام، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیشوازی لە كریستیەن هۆهمەن، باڵیۆزی ئەڵمانیا کرد کە بە مەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی بارزانی کردبوو.
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا دەڵێت: " بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە شتێکی زیاتر لە چوارچێوەی دەستورمان داوا نەکردووە، بەڵام بە کەمتریش لەوە رازی نابین کە دەستوور بە گەل و هەرێمی کوردستان داوە."
مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێگەیشتنی باشتر هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و ئومێدەوارین پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت."