113 جیهان

هاکان فیدان بۆ هەسەدە: نەکەن بەدوای سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمیدا بڕۆن

09:56 - 22/07/2025

زەمەن پرێس:
وەزیری دەرەوەى تورکیا هۆشداری دەداتە گرووپەکانى سوریا بەتایبەت هەسەدە و داوای لێدەکات کە بەدوای سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمیدا نەگەڕێن، چونکە وڵاتەکەى قبوڵ ناکات.
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەى تورکیا سەبارەت بە دۆخی سوریا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێویستە شەڕوپێکدادانەکانی سوەیدا کۆتاییان بێت و لایەنەکان پابەندی ئاگربەستەکە ببن، کاتێک لە باشوور (سووریا) شتێک روودەدات، دەبینین پاشماوەکانی رژێمی پێشوو دەکەونە جووڵە بۆ هاندانی عەلەوییە سوورییەکانی ئەوێ.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە لایەکی دیکەشەوە، دەبینین کە یەپەگەش دەستبەجێ دەکەوێتە جووڵە. ئامانجی هەندێک وڵات ئەوەیە، سووریا بەلایەنی کەمەوە بۆ چوار پارچە دابەش بکەن
وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداری دایە گرووپەکانی سووریا و وتی، "ئەو گرژییانە وەک دەرفەتێک بۆ خۆتان مەبینن. لە یادتان بێت، کاتێک کەسێک پیلانێک دادەنێت، هیچ سوودێکی بۆ ئێوە نابێت. ئامانجتان ئەوە بێت تاکێکی خاوەن شەرەف بن لەسەر ئەو خاکەی کە هی ئێوەیە. خۆتان لەو روانگەیە بەدوور بگرن کە هەوڵبدەن ئاژاوەگێڕییەک بقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی. ئاژاوەگێڕییەک کە بە یارمەتی کەسانی دیکە لەسەر بنچینەی خوێنڕشتن هاتووەتەئاراوە''.
هاکان فیدان جەختیکردەوە با هیچ گرووپێک دەست نەداتە جموجۆڵی دابەشکاری، زۆر شتمان هەیە کە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە قسەی لەسەر بکەین، هەموو شتێک قابیلی گفتوگۆیە و لەگەڵ هەموو گرووپ و لایەنێکیشدا گفتوگۆ دەکرێت.
هەر لە قسەکانیدا فیدان باسی لەوەکرد،  ئەگەر لەوە زیاتر بڕۆن و بە بەکارهێنانی تووندوتیژی هەنگاو بۆ دابەشکردن و ناسەقامگیرکردن بنێن، ئەوا ئێمە ئەمە وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان لێک دەدەینەوە و دەستێوەردان دەکەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن