130 عیراق

حەلبووسی: دەرهێنان و بەكارهێنان و بەبازاڕخستن و هەناردەی نەوت و غاز بەتەنیا لە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵدایە

05:43 - 04/06/2025

زەمەن پرێس

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەرهێنان و بەكارهێنان و بەبازاڕخستن و هەناردەی نەوت و غازو سامانە سروشتییەكان بەتەنیا لە دەسەڵات و تایبەتمەندی حكومەتی فیدراڵیدایە.
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی (تەقەدوم) و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند: ئەگەر لە ریشەوە چارەسەر نەكرێت، ئەم ناكۆكییە دووبارەو پەرەسەندووانەی نێوان حكومەتی هەولێرو حكومەتە فیدراڵییە یەك لەدوای یەكەكان بەردەوام دەبێت، بۆیە، لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی سیاسی و جەماوەریی هەروەها لە سوربوونمانەوە بۆ سەقامگیریی وڵات و پێدانی ماف بە خاوەن ماف لەسەرتاسەری عێراق، پێمانوایە چارەسەر لە پابەندبوونی هەموو لایەنەكاندایە.
وتیشی: دەرهێنان و بەكارهێنان و بەبازاڕخستن و هەناردەی نەوت و غازو سامانە سروشتییەكان بەتەنیا لە دەسەڵات و تایبەتمەندی حكومەتی فیدراڵیدایە، بەڕێوەبردن و پاراستنی سنورو دەروازەكان و سەپاندنی باج و پێناسی گومرگیی بەتەنیا لە دەسەڵات و تایبەتمەندی حكومەتی فیدراڵدایەو بەرپرسیارێتیی تەواوەتی دەكەوێتە ئەستۆ لە رێگریكردن لە قاچاخچێتیی.
حەلبووسی ئاماژەى بەوەشکرد، حكومەتی فیدراڵ بەرپرسیاریتی خەرجییەكانی گەلی عێراقی دەكەوێتە ئەستۆ لەگەڵ دابەشكردنی تەرخانكراوە داراییەكان لەناو ‏بودجەدا (بۆ وەزارەتەكان و پارێزگاكانی هەرێم)و بەگوێرەی نوێنەرایەتیی دادپەروەرانەی دانیشتوان، لەگەڵ ئەژماركردنی رێژەی سەدی داهاتەكانی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان و ئەو پارێزگایانەی كە دەروازەیان تێدایە، بەپێی ئەوەی رێككەوتنی لەسەر دەكرێت.
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانى عێراق جەختى دەکاتەوە، هەركەسێك دادپەروەریی دەوێت دەبێت پابەندی ئەو خاڵانە جێبەجێیان بكات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن