٨ هەزار ڤەیپ و جگەرەی ئەلکترۆنی لەناوبرا
04:19 - 02/06/2025
زەمەن _ هەولێر
قائیمقامی هەولیر ڕایگەیاند: هەشت هەزار ڤەیپ و جگەرەى ئەلیکترۆنییان لەناوبردووە و تیمەکانیان بەردەوامن لە بەدواداچوون و لەهەرشوێنێک مامەڵەى پێوەبکرێت دەستى بەسەردا دەگیرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى هەولێر، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا، ئاشکرایکرد، "پاش ئەوەى لەناو گەنجان و لە خوێندنگەکان بەڕێژەیەکى بەرچاو ڤەیپ و جگەرەی ئەلکترۆنی بڵاوبووبوەوە بڕیارى قەدەغەکردنى دراوە، تاوەکو ئێستاش ٥٠ هەزار ڤەیپ لەناوبراوە، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و چاوپۆشى لە کەس ناکرێت".
ئاماژەى بەوەشکرد، جگەلەوەى ڤەیپ و جگەرە ئەلیکترۆنییەکان لەناودەبرێت، ئەو شوێنانەى دەیانفرۆشن دادەخرێن و خاوەنەکانیان رووبەڕووى سزاى پێبژاردن دەبنەوە، لە ئایندەشدا لەدادگاکانەوە ژمارەیەک بڕیارى دیکە لە دژى ئەوانە دەدرێت، کە کڕین و فرۆشتن بە جگەرەى ئەلیکترۆنى و ڤەیپ-ەوە دەکەن.
هاوکات، قائیمقامی هەولێر باسی لەوەشکرد، هەموو ئەو ڤەیپانەى لەناو شارى هەولێر هەیە بە قاچاخ گەیەندراونەتە پارێزگاکە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆتایی ساڵى ٢٠٢٣ لەسەر داواى وەزارەتى تەندروستى داواکارى گشتیی هەرێمى کوردستان بڕیارى قەدەغەکردنى فرۆشتنى ڤەیپ و جگەرەى ئەلیکترۆنى دەرکرد و لەسەرەتاى ساڵى ٢٠٢٤ـەوە بڕیارەکە لە پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە.