ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى دەم پارتى و ئاک پارتى
09:46 - 28/05/2025
زەمەن - کوردستانى
ئەمڕۆ دەم پارتى و ئاک پارتى بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى دوایین پێشهاتەکانى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا کۆبوونەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوى کۆبوونەوەکە کە دەم پارتى بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەی شاندی پارتەکەیان لەگەڵ ئاکپارتی، لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچووە و دوو کاتژمێر و 15 خولەکی خایاندووە.
شاندەکەی دەم پارتی لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتەکە؛ گوڵستان کۆچئیگیت و سەزایی تەمەللی، بریکاری هاوسەرۆکانی فراکسیۆنی دەم پارتی پێکهاتبوون. شاندی ئاکپارتی لە ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی؛ عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی؛ عەبدوڵڵا گولەر و ئۆزلەم زەنگین، بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی پێکهاتبوو.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەى دەم پارتى، پرۆسەی چارەسەری، ئەنجامی دوایین دیداری شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، ئەنجام و لێکەوتەکانی راگەیاندنی کۆنگرەی پەکەکە لە تەوەرە گرنگەکانی دیدارەکە بوون.
دەم پارتی دەڵێت، هەڵسەنگاندن بۆ ئەو هەنگاوانە کرا کە لەمەودوا پێویستە بنرێن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە؛ جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە پەرلەمان رۆڵێکی کارا بگێڕێت و باس لە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە کرا.
ئەوەش هاتووە، باس لە هەموارکردنەوەی یاسای سزاکان کرا، بەتایبەتی هەموارکردنەوەی ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە دۆخی زیندانیکراوە سیاسییە نەخۆشەکانەوە هەیە؛ شاندەکەمان جەختی لە چاوەڕوانیی کۆمەڵگە و پارتەکەمان کردەوە بەوەی گرنگە هەموارەکان بەر لە جەژنی قوربان بکرێن.