108 کوردستان

سکاڵا لەسەر گرێبەستەکانى هەرێمی کوردستان تۆمارکرا

06:44 - 28/05/2025

زەمەن - کوردستانى

لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دوو پەرلەمانتاری شیعە سکاڵایان لەسەر گرێبەستە نوێیەکانی نەوت و غازى هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان تۆمارکرد.

ئەو دوو پەرلەمانتارە داوایان کردووە، گرێبەستەکان رابگیرێن و  فەرمان سالارییان بۆ دەربکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەیان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ى ئایار، رائید مالیکی، پەرلەمانتارێکی شیعە کە خۆی بە سەربەخۆ ناودەبات لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لەگەڵ پەرلەمانتار باسم غرێباوی، لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تانەیەکی فەرمییان پێشکەش کرد و تێیدا داوای دەرکردنی بڕیارێکیان کردووە بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو گرێبەست و رێککەوتنانەی کە بەم دواییانە کراون، هەروەها داوای دەرکردنی فەرمانێکی سالارییان کردووە بۆ راگرتنی سەرجەم رێکارەکانی جێبەجێکردنیان.

هەروەها گوتیشى، هیواداربووین بە هەموارکردنە دۆخەکە بگەڕێتەوە رێچکەی سرووشتی خۆی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەڵام بەداخێکی زۆرەوە، ئەوەی پێشتر ترسمان لێی هەبوو و ناڕەزایی و رەخنەمان لەسەری هەبوو، دووپاتبووەوە کە ئەم هەموارکردنە تەنیا میکانیزم و رێگایەک بووە بۆ رەوایەتیدان بە رەفتار و مامەڵە و رێککەوتنی ناڕاست.

پەرلەمانتارەکە کە هاوکات ئەندامی لیژنەی یاساییە، داوای لە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد "بگەڕێنەوە سەر رێچکە دروستەکە، کە لەسەر بنەمای هاوبەشی بێت لە بەڕێوەبردنی سامانی نەوت و غاز و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکەی لەنێوان تەواوی خەڵکی عێراقدا، چ لە هەرێمی کوردستان بن یان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن