وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بۆ بەغدا: ئەو گرێبەستانەى کردوومانە یاسایین
06:50 - 20/05/2025
زەمەن - کوردستانى
وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان وەڵامى راگەیەندراوەکەى وەزەرەتى نەوتى عێراقى داوەتەوە و دەڵێت، ئەو گرێبەستانەى لە ئەمریکا واژۆمان کردووە تازە نین و تەواو یاسایین، لەلایەن دادگاکانى عێراقیشەوە بەیاسایى دانراون.
وەزارەتى سامانە سروشتییەکان دەڵێت، جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەینەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە بە ڕوونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشانکردووە، لە هەمانکاتدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوویەتی، ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکوو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون، لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی وگرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێکەوتننامەکان.
هەروەها راشیگەیاندووە، هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکە چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین. ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و گرێبەستانەش، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق.