پارێزگارەکانی هەرێم دەچنە سنە
01:28 - 18/05/2025
زەمەن _ کوردستانی
بە مەبەستی گەشەپێدانی ئابووری، بۆ یەکەم جار هەرچوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان پێکەوە سەردانی سنە دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٨ی ئایاری ٢٠٢٥، ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە رایگەیاند، رۆژی سێشەممەی داهاتوو پارێزگارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهوک و هەڵەبجە سەردانی شاری سنە دەکەن، سەرنجی سەرەکیی سەردانەکە گەشەپێدانی ئابووری دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشدا، "تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە بەتەواوی کەڵک لە بازاڕی عێراق وەربگرین وەک پێویست، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی کولتووری، دەتوانین پەیوەندییەکان پەرەپێبدەین".
هەروەها، جێگری پارێزگار سنە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی فڕۆکەی راستەوخۆ لە سلێمانی بۆ سنە نییە، ناچارین میوانەکان بە فڕۆکەی تایبەت بێنین و ئەوەش تێچوویەکی زۆری بۆ پارێزگاکە دەبێت".
لای خۆیەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پاریزگاری سلێمانی راگەیاند، کۆبوونەوەکان خولین لەنێوان پارێزگا هاوسنووەکان، هەر جارەو لە شوێنێک دەکرێت، پێشتر لە هەولێر و ورمێ کراون.
هاوکات، لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگارانی کرماشان و ورمێش بەشدار دەبن.