لەبەرامبەر چوار ژن ئیسرائیل ٢٠٠ فەلەستینی ئازاد دەکات
11:57 - 25/01/2025
زەمەن - رۆژهەڵاتی ناوەاراست
بزوتنەوەی ح* ە *ماس ناوی چوار ژنە بارمتەی ئیسرائیلی ڕاگەیاند، کە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی لە ئاڵوگۆڕی دوەمدا و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە ئازاد بکرێن.
بزوتنەوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بارمتانەی کە ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن بریتین لە کارینا ئاریف تەمەن 20 ساڵان، دانیێلا گیلبۆای تەمەن 20 ساڵان، نەعما لیڤی تەمەن 20 ساڵان و لیری ئێلباگ تەمەن 19 ساڵان.
بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئیسرائیل 200 زیندانی یان دەستگیرکراوی فەلەستینی لە بەرامبەر ئەو چوار بارمتەدا ئازاد دەکات، کە 120 چالاکوانی فەلەستینی سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، دوای ئەوەی بە تۆمەتی دەستپێکردنی "هێرشی خوێناوی" سزا دراون.
ئەو لیستی ناوانە لە ناوبژیوانەکانەوە هاتوە
نوسینگەی بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە ئەو لیستە لە ناوبژیوانەکانەوە هاتوە، هەروەها لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "ئیسرائیل لە دواتردا وەڵامی خۆی پێشکەش دەکات".