165 کوردستان

"ده‌بینه‌ به‌شێك له‌سوپای نوێی سوریاو كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكاش شه‌ڕی ناوخۆی لێده‌كه‌وێته‌وه‌"

12:07 - 10/01/2025

زه‌مه‌ن – كوردستانی

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ سکای نیوز عەرەبی وتی: "کاتێک هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ساڵی 2015 دامەزرا، وتمان ئەو هێزانە بەشێک دەبن لە سیستەمی بەرگریی داهاتووی سووریا، مادام ئێستا پڕۆسەی بنیاتنانی سوپای نوێی سووریا هەیە، ئێمە بەشێکین لەم پرۆسەیە."

ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا هاوڕاین لەسەر پرسە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە داهاتووی سووریا.

عەبدی دەشڵێت: "ئێمە لەسەر یەک پارچەیی خاکی سووریا ڕێککەوتووین، بەڵام  وردەکاری زۆر لە پرۆسەکەدا هەیە کە سوورییەکان چاوەڕێ دەکەن چارە بکرێت."

عەبدی هەروەها باسی لەو کۆنفرانسە نیشتمانییە کرد کە ئێستا لە سووریا ئامادە کاری بۆ دەکرێت و وتی: "تا ئێستا بانگهێشت نەکراوین، بەڵام  بۆچوونمان لەسەر ئەو بابەتە ئەوەیە کە دەبێت هەموو پێکهاتەکان و هێزە سیاسییەکان نوێنەریان لەو کۆنفرانسە هەبێت و بەشداربن، بەبێ ئەوە پێموانییە ئەم کۆنفرانسە سەرکەوتوو بێت."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا وەک "هەسەدە" و ئیدارەی خۆسەر، بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا دەکات، یان وەک شاندێکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی بەشدار دەبێت، عەبدی وتیشی: "ئێمە سوورین لەسەر بەشداری کردنی نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و هێزە کوردییەکان ."

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ مەزڵووم عەبدی، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی، داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کرد، هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بهێڵێتەوە. هۆشداریش دەدات بەکشانەوەی ئەو هێزە، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش لەو وڵاتە هەیە.

ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی لەبارەی پێگەی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا دەڵێت: "هۆکاری سەرەکی سەقامگیریی ناوچەکە بوونی هێزەکانی ئەمریکایە و ئەگەر بکشێنەوە، ئەوا دەبێتە بە‌هێزبوونەوەی زۆر لە گرووپە چەکدارەکان و لەنێویاندا داعش."

ئەمریکا دوو هەزار سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە. عەبدی رایگەیاند چەکدارانی داعش دەیانەوێت ئەو دۆخەی ئێستای سووریا بقۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو گرتووخانانەی چەکدارانی پێشووی داعش تێدا دەستبەسەرن. بەتایبەت لەم کاتەدا کە وەک عەبدی ئاماژە پێدەدات هێزە کوردییەکان "سەرقاڵی بەرگریکردنن لە ناوچەکانی خۆیان" لەو هێرشانەی دژیان دەکرێت لەلایەن سوپای نیشتمانیی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات.

هەروەها فەرماندەی گشتیی هەسەدە وتی: "هەر کشانەوەیەکی هێزەکانی ئەمریکا، دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی پڕ ئاژاوەی دیکە کە رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی شەڕێکی ناوخۆی دیکە، بەتایبەتی زۆر لە گرووپەکان هەڕەشە لە کورد دەکەن."

مەزڵووم عەبدی پێیوایە ترەمپ، هەست بە مەترسیی کشانەوەی ‌هێزەکانی لە سووریا دەکات "بەتایبەتی لەدوای هێرشە تیرۆرستییەکانی نێوخۆی ئەمریکا لە شاری نیوئۆرلێنس."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن