سەنتەری میترۆ: سوکایەتییەکەی سەرۆکی یەکێتی بە رۆژنامەنووسان شەرمەزارکەرە
05:02 - 23/06/2026
زەمەن - هەواڵ
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، ئەمڕۆ سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026، لە بڵاوکراوەیەکدا هەڵوێستی تووندی بەرانبەر سوکایەتیکردنی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە رۆژنامەنووسان دەربڕی و بێدەنگیی دامەزراوەکانی ئەو حزبە و سەندیکای رۆژنامەنووسانی بە "شەرمەزاری و خەمناک" وەسف کرد.
بڵاوکراوەکەی سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو سوکایەتییەی سەرۆکی یەکێتی بەرانبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامی داوە کارێکی شەرمەزارکەرە، بەڵام ئەوەی زیاتر جێگەی داخی ئەوانە، بێدەنگیی ئەو هاوکارانەیە کە لەوێ ئامادەبوون و لە بەردەمیدا وەستابوون، دەشڵێت: "چاوەڕوانی ئەوە بووین لەناو خودی یەکێتییەوە دەنگێک بەرز بێتەوە یان دامەزراوەیەکیان داوای لێبوردن بکات، بەڵام وەک دیارە بێدەنگکراوان بێدەنگ کراون".
لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا، سەنتەری میترۆ پرسیارێکی وروژاندووە و دەڵێت: "ئەگەر ئەمە شێوازی ئاخاوتنی ئەو بێت لەگەڵ دەرەوەی خۆی، دەبێت لە کاتی توڕەییدا لەگەڵ هەڤاڵ و دۆستەکانی چۆن قسە بکات؟" هەروەها بەراوردێکی کردووە و ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی، هەمان سوکایەتیی بەرانبەر رۆژنامەنووسێکی یەکێتی بکردایە، ئایا هەر بێدەنگی و هەڵوێستی دێزەبەدەرخونە دەبوو؟
سەنتەری میترۆ جەختی لە گرنگیی هاوپشتیی نێوان رۆژنامەنووسان کردەوە و داوای کرد بێ ترس لەسەر دیاردەی سوکایەتیکردن بە پیشەکەیان قسە بکەن، سەنتەرەکە بێدەنگیی هاوکارانی ئەو رۆژنامەنووسە و لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی بە سامناک و خەمناک ناوبرد و دەڵێت، "کە بەرگریت لە خۆت پێ نەکرێت، چۆن دەتوانی بەرگری لە بەرژەوەندیی گشتی بکەیت؟".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەنتەری میترۆ رووی دەمی کردووەتە رۆژنامەنووسان و دەڵێت، "بنووسە و مەترسە، چونکە ئەمە سوکایەتی بوو بە سەندیکا و ئەندامانی و بە هەموو رۆژنامەنووسێک کە رێز لە پیشەکەی دەگرێت".
ئەم بڵاوکراوەیەی سەنتەری میترۆ لەکاتێکدایە، کە شەوی رابردوو بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەکاتی سەردانیکردن بۆ کەنیسەی ماریوسف لەسلێمانی، رۆژنامەنووسێک پرسیاری کۆبونەوەی یەکێتی و نەوەی نوێی لێدەکات بەڵام لەوەڵامدا ئەویش وتی، "کەی کاتی نەوەی نوێیە هەی حوشتر".