74 جیهان

بایدن: پێویستم بە خەوى زیاترە و لەدواى هەشتی ئێوارە هیچ کارێکم پێمەسپێرن

07:09 - 07/07/2024

زەمەن - جیهانى

 

دیبەیتە 90 خولەکییەکەى بایدن و دۆناڵد ترەمپ، ئەستێرەى بەختى بایدنى بۆ دوبارە وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆکى ئەمەریکا بەرەو خامۆشبون برد، ئەمجارە ناڕەزایەتییەکان تەنها لەناو خەڵک و میدیاکاندا نەمانەوە، بەڵکو لەناو حیزبەکەى خۆیشیدا ناڕەزایەتیی دروستبوە، بەشێکیان داوا دەکەن بایدن لە کاندیدبونى بۆ پۆستى سەرۆکى ئەمەریکا بکشێنرێتەوە و ئەمەش خانمى یەکەمى توڕە کردوە.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەکردوە کە جیڵ بایدن، خانمى یەکەمى ئەمەریکا رەخنەى توندى لە دیموکراتەکان  گرتوە کە پێشنیارى لابردنى بایدنیان کردوە و دەڵێت: ئێمە بەردەوام دەبین لە شەڕکردن و رێگە نادەین 90 خولەک 4 ساڵى کارکردنى بایدن وەک سەرۆکى ئەمەریکا بسڕێتەوە.

جۆ بایدن، خۆیشى سورە لەسەر مانەوەى وەک کاندیدى دیموکراتەکان، وتویەتى:" تەنها ئەگەر خودا پێم بڵێت دەست لە کاندیدبون دەکشێنمەوە، راستە من لە باشترین دۆخمدا نەبوم بەرامبەر ترەمپ، بەڵام ئەم پێشبڕکێیە دەکەم و دەشیبەمەوە.

سەربارى ئەم پێداگرییەى بۆ مانەوە، بەڵام بایدن لە کۆبونەوەیەکیدا لە کۆشکى سپى رایگەیاندوە کە پێویستى بە خەوى زیاترە و پێویستە لە کاتژمێر 8ـى ئێوارەوە هیچ کار و کۆبونەوەیەکى پێ نەسپێردرێت چونکە لەو کاتەدا دەچێت دەخەوێت.

دۆناڵد ترەمپ بەردەوام رەخنەى توندى ئاڕاستەى جۆ بایدنى سەرۆکى ئەمەریکا دەکات، بە سەرۆکێکى خراپ وەسفیدەکات و دەڵێت: جیهان بەرەو جەنگى جیهانیی سێیەم پەلکێش دەکات، دەرکەوتنەکەیان بەیەکەوە بۆ بایدن هیچ خێرێکى تیانەبو.

 بڕیارە لە 10ـى سێپتەمبەریش دوەم و کۆتا دیبەیتى ترەمپ و بایدن بەڕێوەبچێت و بە ئەگەرێکى زۆرەوە ئەم دیبەیتە چارەنوسى هەریەکەیان یەکلایی دەکاتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن