دادگای فیدڕاڵی بڕیارى کۆتایى لە ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە دەدات
            
                 07:55 - 06/07/2024 
        
            
            
              
               
            
            
       
زەمەن - عێراقى
 
دادگای باڵاى فیدڕاڵی عێراق یەکەمین سکاڵای بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان پەسەندکرد و بڕیار لە چارەنوسی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دەدات.
 
عەممار تەمیمی، سەرۆکی "جوڵانەوەی جەماوەر" رایگەیاند، پێنج مانگە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامدراوە و حکومەتی خۆجێیی دیالە پێکنەھێنراوە، بۆ پاراستنی مافی دانیشتووانی پارێزگاکەش، سکاڵایەکیان لە دادگای فیدڕاڵی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە تۆمارکردووە.
 
وتیشی، دادگای فیدڕاڵی سکاڵاکەی پەسەندکردووە و بڕیارە لەماوەی 10 رۆژی داھاتوودا، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە ئاگاداربکاتەوە تا وەڵامی سکاڵاکە بدەنەوە، بڕیارە لە ماوەی 15 رۆژی دواتریشدا دادگاکە بڕیار لەسەر ھەڵوەشاندنەوە یان مانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکە بدات.