1131 کەلتور

“شار و شیعر”

11:02 - 12/07/2019

"زەمەن"

 


(11)

هیچ گومانێکم نییە کە هۆکار زۆرن تاکو شیعری نوێی پێ رەت کرێتەوە، چونکە واقیع لە شیعری نوێدا خزە، ناگیرێ یا بە ئەستەم هەوداکانی لە نێوان دەق و واقیعدا دەدۆزرێنەوە. بۆ نموونە، مێتافۆری “سووتان”، کە لە رووبەری شیعری ئێمەدا، گوزارشتی لە عیشقێکی فەرهادییانە کردووە، بە هۆی هەند دووبارە بوونەوەی لە نێو شیعردا، تەنانەت هێزی مێتافۆری خۆشی لەدەستداوە، کەس وەک مێتافۆر نایناسێتەوە، ئەم موفرەدەیە لە فرە رەهەندەوە بووە بە موفرەدەیەکی تاکڕەهەند. ئەم تاکڕەهەندییەیە کە وزەی شیعرییەت لەو دەقگەلانە دەسەنێتەوە. بەڵام، گرفتەکە لە خودی موفرەدەی “سووتان”دا نییە، بۆیە دەشێ ئەم موفرەدەیە، بە شێوەیەکی زیندووتر و ئاماژەبەخشترە لە نێو دەقی نوێدا جێی خۆی بکاتەوە، دەبێ لە زەمینە کۆمەڵایەتیی باوەکەی هەڵکەندرێ، واتە نوێبکرێتەوە و بە ئاماژەی دیکە ئاوسکرێ، ئەمەش هەم لە رێگەی جیهانبینییەکی نوێوە مەیسەر دەبێ، هەم دواتر لە نێو تەونە دەلالاییەکاندا رەنگ دەداتەوە. وەک ئەو رەنگە “زەرد”ەی کە لە بەشی پێشوودا، سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان شیعر و هونەری پلاستیکییدا ئاماژەم پێیدا، ناشێ رەنگی “زەرد” ئاماژەیەکی چەقبەستووی هەبێ بۆ زەردێکی دیکە لە واقیعدا بوونێکی دیکەی هەبێ، بەڵکو دەبێ “زەردێتی”خۆی لە نێو دەق/ تابلۆکە بسەلمێنێ. لێرەوە شیعری نوێ و هونەری پلاستیکی نوێ پێکدەکەن. 


کەواتە تێکشکاندنی تەونە دەلالییە حازربەدەستەکان ئەرکی شیعری نوێیە نەک تەنها تێکشکاندنی فۆرمەکان بە جیا. تێکشکاندنی فۆرم کارێکی ئاسانە ئەگەر بێت ناوەڕۆکی نوێی لەگەڵدا نەبێ، بۆیە زۆرجار هەست بە جۆرە لەنگییەیەک لە نێو دەقی شیعریی نوێی ئێمە دەکرێ ؛ ئەگەر سەرنجی فۆرمەکەی بدەین دەبینین فۆرمێکی نوێیە، بەڵام سەرجەم تەونە دەلالییەکان سەر بە دنیایەکی کۆن و بەسەرچوون. من ئەمە ناودەنێم دەقی “شیزۆفرینی”، واتە لە لایەک فۆرم قسەیەک دەکات، لە لایەکی دیکەش ناوەڕۆک شتێکی پێچەوانەی دیکە دەڵێ. ئەم کەرتبوونە تەنانەی لەو دەقانەش هەستی پێدەکرێ کە بە ناوی “هایکۆ”ەوە دەنووسرێن، چونکە هایکۆ تەنها شکڵ نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکی تایبەتی لە پشتەوەیە کە پێی دەگوترێ “رامانی زەن”، بە بێ تێگەیشتن و هەرسکردن و مامەڵەیەکی تەواو لەگەڵ ئەم فەلسەفەیە، هەمان تێماتیکە کۆنەکان دێن و ئەو بۆشاییە داگیر دەکەن کە شوێنی سروشتی ئەوان نییە. با رەچاوی شیکل و کەرتکردنی بڕگەکان و کورتیی دەقە شیعرییەکانیش کرابێتن، چونکە هایکۆ تەنها بە بوونی ئەم رەگەزە دەرەکییانە مەیسەر نابێ.


کەواتە، ئێمە پێویستیمان بە پێداچوونەوەیەکی سەرلەبەری ئەو تێگەیشتنانە هەیە کە لە مەڕ شیعری نوێیوە نووسراون و گوتراون. راستە، شیعر دەقە و بە زمان پێکدێت، بەڵام خودی شیعر، دەبێ بەشدارییەکی فراونتری هەبێ لە ناو شاردا. جووتە دەستەخوشکی “پۆیەتیکا” و “پۆلیتیکا” سەرلەنوێ ئیشیان لەسەر بکرێ، ببنەوە بە تەواوکەری یەکتری، ئەگەر یەکەمیان دەلالەت لە “داهێنان” بکا، دووەمیان رەچاوی رەگەزەکانی دامەزراندن و رێکخستنەوەی شار و دامودەزگا و مافەکانی تاک و دادوەریی دەکا. شار ببێتە ئەو ماڵەی کە تاکەکان بتوانن هەناسەی تیا بدەن و رابمێنن، زمانیش ببێتە ئەو دەسپێشخەرییەی کە ئاسۆی نوێمان بۆ بنەخشێنێ. دواجار زمانی سیاسەت و زمانی هونەر، وەکو دوو پێکهاتەی تەواوکەری تەماشا بکرێن. کاتێک مرۆڤ بە ناو شاردا پیاسە دەکات، دەبێ رەهەندە شیعرییەکانی شار بەرەو رووی بێن، وەک چۆن خوێنەر کاتێک دەقێکی شیعری نوێ دەخوێنێتەوە، رەهەندە ئەفسوونئامێزەکانی شاری تیا رەنگبدەنەوە...ئەمە بابەتێکی هەستیار و نوێیە، چونکە چەمکی ژینگە وەک تێگەیشتنێکی هاوچەرخ لەم هاوکێشەیەدا بەشدار دەبێ.


ئەحمەدی مەلا

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن