53 عیراق

ئه‌مساڵیش له‌ عێراق و هه‌رێم سه‌رژمێری دانیشتوان ناكرێت

12:04 - 30/05/2023

"زەمەن"

 

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند کە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان بۆ ساڵی داھاتوو دواخراوە، حۆکاری دواخستنەکە دواکەوتنی پەسەندکردنی بوودجە و کەمی کات بووە.

بڕیاربوو سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق کە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.

ماھر حەمماد جوھان بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، به‌ رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمیی رایگه‌یاند: بەھۆی دواکەوتنی پەسەندکردنی بوودجە، وەزارەتەکەیان ناتوانێت سەرژمێری گشتیی لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدات.

راشیگەیاندووە وەزارەتی پلاندانان، وادەیەکی نوێی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دیاری کردووە و وتی: "بەپێی وادەیە نوێیەکە، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، سەرژمێری گشتیی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجام دەدرێت".

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ده‌شڵێت بەپێی ئامارە بەراییەکان کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە تۆمارکراوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق، گەیشتووەتە ٤٣ ملیۆن کەس.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا، دوایین ئاماری ژمارەی دانیشتوانی بڵاوکردبوویەوە و رایگەیاندبوو کە ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە، ٤٢ ملیۆن و ٢٤٨ ھەزار و ٨٨٣ کەس.

ماھر حەمماد جوھان راشیگەیاندووە لەئێستادا، کاتی پێویست لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی رێوشوێنەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی بگیرینەبەر، بۆیە لەسەرەتای ساڵی داھاتوودا، دەست بە گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە دەکرێت.
لەنێوان ساڵانی ١٩٢٧ تاوەکو ١٩٩٧، ھەشت سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجامدراوە، ئەوانیش سەرژمێرەکانی ساڵانی ١٩٢٧، ١٩٣٤، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، ١٩٩٧.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن