لە ئیمارات ئاینێکى نوێ سەرى هەڵدا یەکێتى زانایان رەتیدەکاتەوە
04:09 - 25/02/2023
زەمەن_جیهانى
ئیمارات دان بە "ئایینی ئیبراهیمی" دەنێت، ئەوەش ناڕەزایی زانایانی
ئیسلامی لێدەکەوێتە و بە پیلانی ئیسرائیل وەسفی دەکەن.
یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان و ڕابیتەی زانایانی موسڵمان و ڕابیتەی مەغریبی
عەرەبی، راگەیەندراوێکیان دەربارەی ئاینی ئیبراهیمیی نوێ بڵاوکردەوە كە دەوڵەتی ئیماراتی
عەرەبی یەكگرتوو كردوویەتی بە ئایینی نوێی دەوڵەت.
راگەیەندراوەکەیە:
سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە، درود و سەلام لەسەر پێغەمبەر موحەممەد كە كۆتا
پێغەمبەرە، پاشان:
لەگەڵ دەربڕینی سوپاسگوزاریی بۆ تەوفیقی خوای گەورە، یەكێتی جیهانیی زانایانی
موسڵمان و ڕابیتەی زانایانی موسڵمان و ڕابیتەی مەغریبی عەرەبی، هەستان بە گرێدانی یەكەمین
كۆنگرەی نێودەوڵەتی دەربارەی هەڵوێستی ئوممەتی ئیسلامیی لەسەر ئەو ئاینە بەناو ئیبراهیمییە
كە حكومەتی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو بە هاوكاری ئیسرائیل ناساندوویەتی و
ئیقراری پێكردووە، ئەم كۆنگرەیە كە نۆزدە دەوڵەت بەشداربوون تیایدا، لەپاش پێشكەشكردنی
چەندین وتار دەربارەی ئەم ئاینە داهێنراوە و ئەو پیلانانەوە، زانایانی ئوممەت و ڕابیتە
زانستییە بەشداربووەكان ئەم بەیاننامەیەیان بەمشێوەیەی خوارەوە دەركرد:
یەكەم:
بەڵگەنەویستە قورئانی پیرۆز مەزنترین كتێبە كە بە گەورەیی باسی پێغەمبەر ئیبراهیم
(سەلامی خوای لێبێت) دەكات، لە قورئاندا سورەتێك بە ناوی ئەو پێغەمبەرەوەیە، چەندین
سورەتیش باس لە خانەوادەی و هەندێ لە كوڕەكانی دەكەن، موسڵمانانیش فەرمانیان پێكراوە
شوێنكەوتەی ئاین و ڕێنماییەكانی ئەو و هەموو پێغەمبەرانی تریش بن (درود و سەلامی
خوایان لێبێت)، خوای گەورە دەفەرموێ: (أُولَئِكَ الَّذِينَ هَدَي اللَّهُ
فَبِهُدَاهُمُ اقْتَدِهْ قُل لَّا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ أَجْرًا إِنْ هُوَ إِلَّا
ذِكْرَي لِلْعَالَمِينَ). الأنعام: 90 لەبەرئەوە یەكەمین كەس كە هەقدار بن بە ئیبراهیم
(سەلامی خوای لێبێت) و لەپێشتر بن پێی ئەوا پەیڕەوانی ئیسلام و ئیمانن، خوای گەورە
دەفەرموێ: (إِنَّ أَوْلَي النَّاسِ بِإِبْرَاهِيمَ لَلَّذِينَ اتَّبَعُوهُ
وَهَذَا النَّبِيُّ وَالَّذِينَ آمَنُوا وَاللَّهُ وَلِيُّ الْمُؤْمِنِينَ). آل
عمران: 98
دووەم:
گومانی تێدا نییە كە زانایانی موسڵمان لەگەڵ هاوكاریی مرۆیی و پێكەوەژیانن،
كە لەسەر ئازادیی و دادپەروەریی و بێڕێزی نەكردن بە ئاینەكان یان پێغەمبەران بەرپا
دەبێت، هاوكات لەگەڵ دیالۆگی مرۆییدان بۆ بونیاتنانی كۆمەڵگاكان، بەڵام بە یەكدەنگی
دەوەستنەوە لە دژی گۆڕینی ئیسلام و شێواندن و ناشیرینكردنی پێغەمبەرانن (درود و سەلامی
خوایان لێبێت)، هەر ئەمەش ئاینی موسڵمانانە.
خوای گەورە دەفەرموێ: (قُلْ إِنَّنِي هَدَانِي رَبِّي إِلَي صِرَاطٍ
مُّسْتَقِيمٍ دِينًا قِيَمًا مِّلَّةَ إِبْرَاهِيمَ حَنِيفًا وَمَا كَانَ مِنَ
الْمُشْرِكِين). الأنعام: 191
سێیەم:
مەعلومە كە بنچینەی بیرۆكەی ئاینی بەناو ئیبراهیمی بەرپا دەبێت لەسەر خاڵی
هاوبەش لە نێوان باوەڕی ئیسلام و باوەڕەكانی تردا، ئەمەش بیرۆكەیەكی پووچ و ناڕەوایە،
چونكە ئیسلام لەسەر بناغەی یەكتاپەرستیی و بە تاك و تەنها ناساندنی خوای گەورە، لەسەر
پەرستشكردن تەنها بۆ خوای گەورە دامەزراوە، بەڵام باوەڕی هاوەڵگەریی چووەتە ناو ئاینە
گۆڕدراو و لادەرەكانی تر، بتپەرستییان تێكەڵ بووە، یەكتاپەرستیی و هاوەڵگەریش دوو
شتی دژ بەیەكن و كۆنابنەوە لەیەك بیرۆكەدا.
ئەوەش كە دەوترێ گوایا ئیبراهیم (سەلامی خوای لێبێت) لەسەر یەك ئاینە كە كۆكەرەوەی
ئیسلام و جولەكەو مەسیحییەتە، ئەوە گوتەیەكی ناڕەوایەو باوەڕێكی خراپە، خوای گەورە
دەفەرموێ:
(مَا كَانَ إِبْرَاهِيمُ يَهُودِيًّا وَلَا نَصْرَانِيًّا وَلَكِن كَانَ
حَنِيفًا مُّسْلِمًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ). آل عمران: 67
چوارەم:
لە ڕاستیدا هەوڵدان بۆ پشتگیریی لە ڕێكەوتننامەكانی ئەبراهام بۆ ئاساییكردنەوەو
چۆكدادان، لە ڕێگای ڕەواجدان بە ئاینێكی نوێ كە پشتگیری لە ئاساییكردنەوەی سیاسیی
بكات، كارێكە لە شێوەو لە بابەت و لە ناوەڕۆك بە ئەسل و فەرعیەوە ڕەتدەكرێتەوە،
چونكە ئوممەتی موسڵمان هەر لە كۆتایی حەفتاكانی سەدەی زایینی ڕابردووەوە باری ئاساییكردنەوەی
سیاسیی پەسەند نەبووە، لە ئەمڕۆشدا پڕۆژەكانی ئاساییكردنەوەی ئاینی و گۆڕینی باوەڕەكانی
پەسەند نییە كە مەترسیان زیاترەو لەپێشترن لە ڕەتكردنەوەی ئاساییكردنەوەی سیاسیی.
خوای گەورە دەفەرموێ: (أَفَغَيْرَ دِينِ اللَّهِ يَبْغُونَ). آل عمران: 83
پێنجەم:
ئاشكرایە كە گوێڕایەڵیی دوژمنانی ئوممەت و ئاین لە كاری ئاینێكی داهێنراودا
و پەسەند كردنی بانگەوازكردن بۆی، دەرچوونە لە ئاینی ئیسلام كە كۆتا ئاینەو هەڵوەشێنەری
هەموو شەریعەتێكی پێش خۆیەتی، ئەو خەڵكانەش كە دەچنە ناو ئەو كوفر و بێباوەڕییە
ئاشكرایەوە سەركەوتوو نابن.
خوای گەورە دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن تُطِيعُوا
فَرِيقًا مِّنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ يَرُدُّوكُم بَعْدَ إِيمَانِكُمْ
كَافِرِينَ). آل عمران: 100 هەروەها دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا
إِن تُطِيعُوا الَّذِينَ كَفَرُوا يَرُدُّوكُمْ عَلَي أَعْقَابِكُمْ فَتَنقَلِبُوا
خَاسِرِينَ). آل عمران: 149
شەشەم:
ئەركی سەرشانی ئوممەتە كە هۆشیار بێت و تێبگات لە خەون و خەیاڵە بۆشەكانی
ئاشتی، كە لەلایەن خودی جولەكە خۆیانەوە شتێكی بێبنەمایەو دەدرێ بە بادا، سەرۆك وەزیرانیان
لە كۆنگرەی كۆمەڵەی (ئەو مەسیحییە یەكتاپەرستانە كە كار دەكەن لەپێناو ئیسرائیلدا)
لێدوانی داو وتی: ڕێكەوتننامەی گرێبەستی سەدە ئەو باسەی بەرتەسككردەوە كە ناودەبرێ
بە (خەون و خەیاڵی دامەزراندنی دوو دەوڵەت).
وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەمەریكاش لە كۆنگرێسدا وتی: (لە ڕاستیدا باشترین
چارەسەریی نمونەیی بۆ ململانێ و ناكۆكیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەكان بریتییە
لە پێكەوەژیانی ئاشتییانە و گوزەراندن و سازانی هەردوو لایەنە لەگەڵ یەكتریدا، ئەویش
لەدوای كۆتاییهێنان بە هۆكارەكانی ناكۆكییەكە). مەعلومە كە سەروترینی ئەو ناكۆكیانەش
كە بە مەبەست دەگیرێ باوەڕی ئیسلامییە، خوای گەورە دەفەرموێ: (وَدَّ كَثِيرٌ
مِّنْ أَهْلِ الْكِتَابِ لَوْ يَرُدُّونَكُم مِّن بَعْدِ إِيمَانِكُمْ كُفَّارًا
حَسَدًا مِّنْ عِندِ أَنفُسِهِم مِّن بَعْدِ مَا تَبَيَّنَ لَهُمُ الْحَقُّ).
البقرة: 109
حەوتەم:
زانایان هۆشداری دەدەنە حكومەتە ئیسلامییەكان لە چوون بەدەم ئەم بانگەوازە
قین لەدڵانەوە، چونكە وێنای دوژمنكارییەكی بێ ئابڕوو و بێ پەروا دەكات لەسەر باوەڕی
گەلانیان، لە هەمانكاتدا لێدانە لەو متمانەیە كە گەلان بەخشیویانە بە حكومەتەكانیان
و لەباربردنیەتی، هەڵگیرساندنی ئاگری دووبەرەكی و ڕاجیایی و فیتەیە لە نێوان موسڵماناندا،
كە دەبێتە هۆی لاوازكردنی ئوممەتی ئیسلام و بەهێزكردنی دوژمنەكەی، هەروەك خوای گەورە
دەفەرموێ: (وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَي عَلَي اللَّهِ الْكَذِبَ وَهُوَ
يُدْعَي إِلَي الْإِسْلَامِ وَاللَّهُ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ ،
يُرِيدُونَ لِيُطْفِئُوا نُورَ اللَّهِ بِأَفْوَاهِهِمْ وَاللَّهُ مُتِمُّ نُورِهِ
وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ ، هُوَ الَّذِي أَرْسَلَ رَسُولَهُ بِالْهُدَي
وَدِينِ الْحَقِّ لِيُظْهِرَهُ عَلَي الدِّينِ كُلِّهِ وَلَوْ كَرِهَ
الْمُشْرِكُونَ ). الصف: 7-9
هەشتەم:
پێویستە بەرپرسانی وەزارەتەكانی فێركردن و ڕاگەیاندن لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا،
دەستهەڵگرن لە دەستكاریكردنی بێماناو گاڵتەجاڕی بە بەرنامەكانی فێركردنی ئیسلام، بەڵكو
بێن لە ڕێگای قورئان و سوننەتەوە ئەو بەرنامانە پێشكەش بكەن، هەروەها جەختبكەن لەسەر
بنەما نەگۆڕەكانی باوەڕ و شەریعەت، نەوەكان بپارێزن لە لادانەكان و گومانە هزریی و
باوەڕییەكان، چونكە گەنجان ئەمانەتن لە دەست ئێوەدان، لە گەردنتاندان و لە ڕۆژی قیامەتدا
لێپرسینەوەتان لێدەكرێ لەسەریان.
خوای گەورە دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَخُونُوا
اللَّهَ وَالرَّسُولَ وَتَخُونُوا أَمَانَاتِكُمْ وَأَنتُمْ تَعْلَمُون). الأنفال:
27
نۆیەم:
بەشداربووانی كۆنگرە داوا لە زانایان و زانستخوازان و بانگخوازان و تەواوی
بیرمەندان و نوسەرە موسڵمانەكان دەكەن هەستن بە ئەركی سەرشانیان بەرانبەر بە ئاینەكەیان،
ڕووبەڕووی فیتنەی گۆڕینی ئاینەكەیان ببنەوە، ئوممەتی موسڵمان هۆشیار بكەنەوە لەو مەترسییە
كە هەڵیكوتاوەتە سەریان، ئەویش بە نوسینی توێژینەوە و كتێب و بەستنی كۆڕ و وتنەوەی
بابەت و وتاردان كە ڕاڤەی باوەڕی یەكتاپەرستیی بكەن، هەروەها ئەوەی كە دژە پێی بیخەنەڕوو،
هۆشداری بدەن لەو فیتنەیە و لەو بیدعە گومڕاكەرە، ئەوەش بوترێ كە هیچ جۆرە بیانوویەكی
زۆرلێكردن یان لێكدانەوەیەك لە پەسەندكردنی ئەو كارە ناڕەوایە وەرناگیرێ.
خوای باڵادەست دەفەرموێ: (وَالْفِتْنَةُ أَشَدُّ مِنَ الْقَتْلِ). البقرة:
191
هەروەها دەفەرموێ:
(وَقُلِ الْحَقُّ مِن رَّبِّكُمْ فَمَن شَاءَ فَلْيُؤْمِن وَمَن شَاءَ
فَلْيَكْفُرْ). الكهف: 29
دەیەم:
زانایانی بەشداربووی ئەم كۆنگرەیە داوای پێكهێنانی دەستەیەكی هاوبەش دەكەن
لەسەر ئاستی ئوممەت، كە پێكبێت لە ڕابیتەكان و دامەزراوە زانستییەكان، ئەو دەستەیە
هەستێت بە ئەركی دەركردنی بەیاننامە و بڵاوكردنەوەی پەیام لەبارەی گومانەكان و باوەڕە
نامۆكان كە نامۆن بە ئوممەتی ئیسلامی، هەروەها بە پاراستنی بنەما نەگۆڕەكان و مەسەلە
گومانبڕەكانی ئیسلام، ئەوەش بەجۆرێ كە كۆنگرەیەكی ساڵانەی گشتی و چڕوپڕ لە مانگی ڕەجەبی
هەموو ساڵێكی كۆچیدا ببەسترێ.
لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە هەر كەس سەركەوتوو بكات و سەریبخات كە ئاینەكەی
سەردەخات.
بەندەكانی سەربەرز و شكۆمەند بكات بە سەربەرزی و شكۆمەندی ئیسلام، هەر ئەو
زاتە خۆی خاوەنی ئاینەكەیەتی و توانای بەسەریدا هەیە.
درود و سەلام لەسەر پێغەمبەرمان موحەممەد، لەسەر خانەوادەو تەواوی هاوەڵە بەڕێزەكانی.
كۆتا نزاو پاڕانەوەمان سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان