کەلتور

ئایا کەمی یا زۆری شیعر پێگەی شاعیر دیاری دەکات ؟

05:49 - 08/12/2022 216 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن_کولتوور

گۆران هەڵەبجەیی

 

 {ئەحمەد هەردی بەنمونە}
بەڕێزێک کە بەوە ناسراوە بەردەوام لایڤی هەیە و سەبارەت بە شتگەلێک ڕاوبۆچوونی خۆی دەردەبڕێت ، لە لایڤێکیدا کە لە ڕابردووی نزیکدا پێشکەشی کرد کەوتە هەڵەیەکی مەزنەوە.

مرۆڤ هەرچەند بەتواناو لێهاتووبێت ،هەرچەند مەودای  زانیاری و هزری فراوان بێت ، ناتوانێت فریای هەمووشت بکەوێت و هەق بە هەموو بوارو لایەنەکان  بە پێی پێویست بدات.بۆیە باشترە تەرکیز لەسەر لایەنێک بکات کە سەرکەوتووە تێیدا و  لەوێدا خۆی بەهێز بکات و تواناو وزەی خۆی تێدا وەگەڕ بخات.

خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە ئەوەیە ،دەمێک دەربارەی کەسێک قسەدەکرێت پێویستە زوومی  باسەکە تەنها لەسەر ئەوبێت و پەلنەهاوێژێت بۆکەسانی دەرەوە ،ئیدی باب،دایک ،خوشک و برا و خزم یا هەرکەسێکی دیکەبن،چونکە لەم حاڵەتەدا تەرکیزەکە پەرشوبڵاو و لاواز دەبێت،هاوکات مەرج نیە کەسانی دورووبەری ڕەخنە لێگیراو پەیوەندیان بەوباسەوە هەبێت یاخود لە بۆچوونەکاندا هاوڕابن.
لایڤەکەی ئەم بەڕێزە تایبەت بوو بە دکتۆرە چۆمان هەردی ،کە  بۆ ئەنجامدانی  پرۆژەیەک دەربارەی [جەندەر] کۆمەکی دارایی لە یەکێتی ئەوروپا وەرگرتوە.

ئەز قسە لەسەر ئەو لایەنە ناکەم  چونکە کاری من نیە، بەڵکو تەنها هەڵوەستە لەسەر  بڕگەیەک لە قسەکانی ئەو بەڕێزە دەکەم کە پەیوەستە بە  باوکی دکتۆرە چۆمانەوە ،واتە شاعیری کۆچکردوو ئەحمەد هەردی.

لە سەرەتای لایڤەکەیدا بێ ئەوەی پەیوەندی بە ناوەڕۆکی بابەتەکەیەوە هەبێت یاخود سوود بە باسەکەی بگەیەنێت،بە شێوەیەکی گاڵتە ئامێز و تاڕادەیەک بێبەها کردنی  شاعیر گووتی:
[هەموو شیعرەکانی ئەحمەد هەردی هێندەی لاپەڕەکانی پاسپۆرتەکەم نابن].

دیارە ئەم بەڕێزە وا تێگەشتوە کە هەر شاعیرێک شیعری زۆربوو ئەوە شاعیرێکی سەرکەوتووە ،خۆگەر شیعری کەم بوو ئەوە شاعیرێکی لاواز و شکستخواردوە.

نکولی لەوە ناکرێت کە ئەحمەد هەردی ئەستێرەیەکی گەشە بە ئاسمانی شیعری کوردیەوە.شیعرەکانی هێندە بەسۆزن هێندە هەست بزوێنن هێندە پڕماناو ئەندێشەی قوڵی  کۆمەڵایەتین بە ئاسانی لە دەروازەی ڕۆح دەدەن،هەر ئەم خەسڵەتەیە وای کردوە کە  زۆربەی شیعرەکانی لەلایەن کەڵە گۆرانیبێژەکانەوە بکرێنە گۆرانی. ئایا کەسێک هەیە بتوانێت نکولی لەبەرزی شیعری { ست فاتیمە} بکات؟ ئایا ئەویندار هەیە لە کاتی چاوەڕوانی ژوواندا خۆی لە شیعری { چاوەڕوانیدا}دا نەبینیبێتەوە؟

یاخود پەندە شیعری:
 [بەدەستی خۆت کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە
ئەگەر زەهریشی تێدابێت گوناهی خۆتە بیزانە
هەڵە یاخود گوناهت کرد لەکاتێکدا کە بێهۆشی
سزاو تاڵاوی هەرچی بێت ئەبێ وەک بادەبینۆشی]
ئەم پەندە  شیعریە هێندە  جوان و پڕمانایە ، دەشی وەک کردارێکی چەوت و هەڵە بەسەر زۆربەماندا هاتبیت ،تەنانەت دەکرێ بۆ  هەنگاو و سیاسەتی هەڵەی دەسەڵات و حکومەتەکانیش دەستبدات.
دیوانی [ڕازی تەنیایی ]شاکارێکە بۆخۆی کە دەکرێ لەپاڵ هەر شیعرێکدا هەڵوەستەیەک بکەین،بەتایبەتی شیعری {دڵێکی تێکشکاو} کە بەڕای دەکرێ  هەموو گەنجێکی بەشمەینەتی وڵاتەکەم خۆی تێداببینێتەوە } ،ئەم شیعرە هێندە چێژبەخشە هێندە باڵایە مرۆڤ بە خوێندنەوەی دەچێتە دنیای  ڕامان خەیاڵاتەوە.
هەر بۆ ئەوەی بۆ ئەو بەڕێزە  بسەلمێنم کە کەمی یا زۆری بەرهەمی ئەدەبی پێوەرنیە بۆ ناو و ناوبانگی ئەدیب ،بەڵکو ناوەڕۆک و ماناو پێگەی خودی بەرهەمەکەیە ،کە تا چ ڕادەیەک کاریگەری لەسەر خوێنەر دەبێت و هەستی دەبزوێنێت، ئەوە چەند نمونەیەک دەخەمەڕوو:
+ شەهید  مەلا عەلی خاوەنی شیعری {سێدارە} کە هونەرمەندی کۆچکردوو حەمە جەزا بەکلیپ شاکارێکی لێ درووست کردوە، پێدەچێت  هەندێک شیعری دیکەی هەبێت ،بەڵام  ئەو شیعرەی کە لە ژووری چاوەڕوانی سێدارەدا نووسیویەتی ،شعرێکە مرۆڤ لە ئاست ورەبەرزی و ماناو مەدلولاتیدا سەری سووڕدەمێنێت. کەواتە تەنها شیعری { سێدارە} پێناسەیەکی پڕاوپڕە لە سەلیقەو شاعیریەتی شەهید مەلا عەلی.
+کازم ساهیر گۆرانیەکی بەناوبانگی هەیە بەنێوی{انا و لیلی} واتە من و لەیلا،شیعری گۆرانیەکە هێندەبەرزە هێندە جوانە ، چەندین شاعیر خۆیان کرد بە خاوەنی ،بەڵام کازم ساهیر بەگومان بوو کە ئەوانە خاوەنی ئەو شیعرە بەرزەبن،بۆیە پاش  گەڕان و پرسیار کە چەند ساڵی خایاند شاعیرەکەی دۆزیەوە کە ناوی  [حەسەن مەروانی]یە خەڵکی باشووری عێراقە. ئێستایشی لەگەڵدابێت ئەو کەسە   خاوەنی تەنها ئەوشیعرەیە کە لەدەمی زانکۆدا نووسیویەتی بۆ خۆشەویستەکەی ،ئەو خۆشەویستەی کە خیانەتی لێکردوەو کەسێکی تری خۆشویستوە.
دیارە کازم ساهیر بەپێی ئەزمون و سەلیقەو مێژووی  هونەری خۆی ،هەموو شیعرێک ناکاتە گۆرانی ،بەڵکو جۆرە شیعرێک پەسەنددەکات هەست بزوێن بن و هاوکات  لەڕووی ناوەڕۆک و ستاتیک و تەکنیک و لایەنی دیکەوە  گونجاوبن .کەواتە شێعرەکەی حەسەن مەدوانی ئەو هەموو خەسڵەتانەی لەخۆ گرتوە،ئەمەش ئاست بەرزی شاعیربوونی حەسەن دەسەلمێنێت..
+نمونەیەکی تر  ڕۆماننووسی کورد [بەهرۆز بووچانی]یە کە بەنووسینی تەنها ڕۆمانێک ناوی دەرکرد و هەر بەو بۆنەشەوە بەرزترین خەڵاتی ئەدەبی لە ئوسترالیا وەرگرت .ڕۆمانەکەی بەنێوی [ جگە لە چیاکان کورد دۆستی نیە].هەر پاش بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکەی نیوزیلەندا مافی پەنابەری پێبەخشی ،کە تا ئەوکاتە لە کەمپێکی پەنابەران لە دوورگەی [مانوس] سەر بە  ئوقیانووسی ھێمن دەژیا،.
پاشان هەمان ڕۆمان بۆچەندین زمان وەرگێڕدرا.
+حەمەدۆستانی کۆچکردوو ،ئەویش بە ڕۆمانی یەکەمی کەبە سویدی نووسی بە نێوی[شوێنێک لەبەهەشت] ناوبانگی دەرکردو هەمان ڕۆمان چەندین جار چاپکرایەوە،هاوکات وەرگێردرایە سەرچەندین زمان لەوانە ئینگلیزی.
حەمە دۆستان بەو ڕۆمانەی لەڕووی کۆڕو سەمینار وخەڵات و فرۆشی ڕۆمانەکەیەوە توانی پێش نووسەرە ناودارەکانی سوید بکەوێت.
+سارا عومەری شاعیر نیشتەجێی دانمارک لەگەڵ یەکەم ئەزموونیدا لەبواری نووسینی ڕۆماندا گەورەترین سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
سارا پێشتر تەنها شیعری دەنووسی ،بەڵام ساڵی [٢٠١٧] یەکەم ڕۆمانی بەزمانی دانمارکی بەنێوی{مردووشۆر} نووسی.
ئەو ڕۆمانە هێندە دەنگی دایەوە بەجۆرێک کەم خێزان هەیە دانەیەکی نەکڕیبێت
پێم وابێت ڕۆمانەکەی دووسێ جار چاپکرایەوە ،ژمارەیەکی باش خەڵاتی چنیەوە ،زۆرترین دیدارو کۆڕو سەمینارو دیبەتی لەبارەوە سازکرا .هەر بە نمونە ئێمە ناوەندێکمان هەبوو بەنێوی[سەنتەری دیالۆگ] ،دیبەیتێکمان بەدانمارکی بۆ ساز کرد ،هۆڵەکە [٤٠٠] کەسی دەگرت ،لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک بەپێوە وەستابوون.
+دوا نمونە سەبارەت بە ڕۆماننووسی ئەفغانی {خالید حوسینی}یە ،خاوەنی ڕۆمانی  [کۆلارە ].ئەم ڕۆمانە یەکەم بەرهەمی ئەدەبی خالید بوو .
ڕۆمانەکەی هێندە بەهێزبوو وای لە دەرهێنەرانی هۆلیود کرد کە بیکەنە فیلم ، لەئەنجامدا فلیمێکی سەرکەوتووی لێ بەرهەم هات.وەک زانراوە لەو وڵاتانەی فلیمەکەی تێدا نمایش کرا ،پڕداهاتترین فلیم بووە،وێرای ئەمە لە یەکێک لەفەستیڤالە سینەماییەکاندا لە ئەمەریکا خەڵاتی باشترین فلیمی ئەو سەردەمەی پێبەخشرا.
نمونە زۆرە چ لەنێو کوردو چ لەنێو نەتەوەکانی دیکەدا کە بەتاکە بەرهەمێکی ئەدەبی ناوبانگیان دەرکرد.
جا بەم نمونانەدا بۆمان ڕووندەبێتەوە کە کەمی بەرهەم هەرگیز  نابێتە شوناسی بەهرەمەندی سەرکەوتوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن