192 کوردستان

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ داهاتی حانوته‌كانی سلێمانی بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر

02:50 - 07/12/2022

"زەمەن"

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وه‌ڵامی په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی كاروان گه‌زنه‌یی ده‌داته‌وه‌، كه‌ رایگه‌یاندبوو داهاتی حانوته‌كانی سلێمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر، وه‌زاره‌ت ده‌ڵێت: هەموو لایەک دڵنیا دەکەنەوە ئەو قسەیەی کاروان گەزنەیی ناڕاستە هیچ بنەمایەکی نییە، داهاتی فرۆشگە (حانوت)ی قوتابخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و  تەنانەت دهۆکیش  نەگەڕاوەتەوە بۆ هەولێر.

دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی پەروەردە:

لامان باشبوو بەڕێز کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری کوردستان بە زانیاری وردەوە لەسەر داهاتی فرۆشگەی (حانوت) قوتابخانە و خوێندنگەکان لێدوان بدات، بەڵام بەداخەوە بێ هەبوونی دەڵێت ((تەنانەت داهاتی حانوتی خوێندنگەکانیش دەچێتەوە بۆ هەولێر)) ، هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە ئەو قسەیەی بەڕێز (کاروان گەزنەیی) ناڕاستە هیچ بنەمایەکی نییە، داهاتی فرۆشگە (حانوت)ی قوتابخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و  تەنانەت دهۆکیش  نەگەڕاوەتەوە بۆ هەولێر:

داهاتی فرۆشگەی (حانوت)ی قوتابخانەکانی پەروەردەی گشتیی سلێمانی بۆ ئەمساڵی خوێندن ٢٠٢٢-٢٠٢٣ بریتی بووە لە (3٫910٫023٫000)سێ ملیار و نۆسەد و دە ملیۆن و بیست و سێ هەزار دینار، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەڵەبجە بریتی بووە لە (219٫000٫000) دووسەد و نۆزدە ملیۆن دینار، بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی گەرمیان بریتی بووە لە (462٫714٫000)چوارسەد و شەست و دوو ملیۆن و حەفت سەد و چواردە هەزار دینار، بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی راپەڕین بریتی بووە لە (546٫722٫000) پێنج سەدو چل و شەش ملیۆن و حەفت سەدو بیست و دوو هەزار دینار، ئەو پارانە نە هاتووەتە هەولێر.

لەبەر دەستی بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین بووە و بە گوێرەی رێنمایی ژمارە(1) ساڵی (2022) پارەکەیان وەرگرتووە لای خۆیان و دابەشیانکردووەتەوە بەسەر ناوەندەکانی خوێندن و ئەوەی دیکەش بووەتەوە داهات بۆ پەروەردەکان بۆ ئەوەی بۆ بابەتی راهێنان و چالاکی وەرزشی و هونەری و پێداویستیەکانی پەروەردەکان و ناوەندەکانی خوێندن خەرجی بکەن،  تەنانەت ئەمە بۆ پەروەردەی گشتیی دهۆک و زاخۆ و سۆرانیش بەهەمان شێوەیە، بە نموونە پارەی فرۆشگەی قوتابخانەکانی دهۆکیش نایەتەوە بۆ هەولێر، سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەش بەهەمان شێوەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن