383 جیهان

تالیبان به‌نهێنی ته‌رمی ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری به‌خاكسپاردووه‌

04:28 - 08/08/2022

"زەمەن"

 

بەرپرسێکی ئەفغانی لە حکومەتی پێشوودا، ڕۆژی یەکشەممە ئاشکرای کرد، کە تاڵیبان بە نهێنی تەرمی ئەیمەن زەواهیری ڕێبەری قاعیدەی لە پارێزگای قەندەهار لە باشووری ئەفغانستان ناشتووە.

ئەمروڵا ساڵح، جێگری یەکەمی ئەشرەف غەنی، سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان لە پۆستێکیدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، "تاڵیبان بە نهێنی تەرمی ئەلزەواهیری و هاوەڵەکانی لە ناوچەی پەنجوای سەر بە پارێزگای قەندەهار لە باشووری ئەفغانستان بە خاک سپاردووه‌".

ساڵح دەشڵێت: "کەسێکی خەڵکی قەندەهار وێنەی بۆ ناردووم، هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە زەواهیری و هاوەڵەکانی بە نهێنی لە ناحیەی پێنجوای سەر بە ویلایه‌تی قەندەهار بەخاک سپێردراون".

رۆژی یەکشەممەی رابردوو جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی زەواهیری راگەیاند لە هێرشێکی ئاسمانیدا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، دوای ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان کرایە ئامانج.

زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە بزووتنەوەکە هیچ تەرمێکیان لە شوێنی تیرۆرکردنی زەواهیری نەدۆزیوەتەوە.

پێنجشەممەی ڕابردوو تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "ئاگاداری بوونی زەواهیری نییە لە ئەفغانستان، هەروەها ئۆپەراسیۆنی سەربازیی واشنتۆن لە ئەفغانستان پێشێلکردنی ڕێککەوتنی دۆحەیه‌".

تاڵیبان هۆشداریدا لەوەی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرش و پێشێلکاریانە بۆ سەر ئاسمانی وڵاتەکە لێکەوتەی دەبێت و ئەمریکاش بەرپرسیار دەبێت لێی، دوای ڕاگەیاندنی کوژرانی ئەیمەن زەواهیری، ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تالیبانیان تۆمەتبارکرد به‌ داڵدەدانی سەرکردایەتی قاعیدە لە کابول.

دوای كوژرانی ئوسامه‌ بن لادن له‌ پاكستان له‌ ساڵی 2011، زه‌واهیری بووه‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌لقاعیده‌و یه‌كێك له‌ داواكراوه‌ جیهانییه‌كان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن