407 جیهان

ئه‌مریكا گوێی به‌ هۆشدارییه‌كانی چین نه‌دا و پیلۆسی گه‌یشته‌ تایوان

06:51 - 02/08/2022

"زەمەن"


فڕۆکەکەی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتە تایپیەی پایتەختی تایوان، سەرەڕای هەڕەشەکانی چین لە سەردانەکەی.

 

لە وێنە راستەوخۆکاندا دەرکەوتووە کە پیلۆسی تەمەن ٨٢ ساڵ بە فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمریکی گەشتی كردووه‌و گه‌یشتووه‌تە فڕۆکەخانەی سۆنگشانی تایپیەو لەلایەن جۆزف وو وەزیری دەرەوەی تایوانەوە پێشوازی لێکرا.

پیلۆسی لە گەشتێکی وڵاتانی ئاسیادایە کە سەنگافورە و مالیزیا و کۆریای باشوور و ژاپۆن لەخۆدەگرێت.

پیلۆسی باڵاترین بەرپرسی ئەمریکییە کە سەردانی تایوان بکات لە دوای نیوت گینگریچ سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ١٩٩٧.

چین پێی وایە سەردانەکەی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی کە لە ماوەی نزیکەی ٢٥ ساڵدا یەکەم جاره‌، هەڵگری دانپێدانانی بێدەنگی ئەمریکایە بە سەربەخۆیی تایوان، کە چین بە بەشێکی جەوهەریی خاکەکەی دەزانێت.

چین هۆشداریدا لە سەردانەکەی پێلۆسی بۆ تایوان کە خۆبەڕێوەبەری له‌ پەکین وه‌رگرتووه‌ و چین به‌ به‌شێك له‌ خاكه‌كه‌ی ده‌زانێت، هاوکات واشنتۆن جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا مافی ئەوەی هەیە سەردانی تایوان بکات ئەگەر بیەوێت.

هاوكاتی سه‌ردانه‌كه‌ چه‌ند گرته‌ ڤیدیۆییه‌ك بڵاوكرانه‌وه‌ كه‌ جموجوڵی سەربازانی سوپای چین له‌ هه‌رێمی فوجیان لە نزیک دوورگەی تایوان نیشان دەدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن