چەند سەرنجێکی خێرا
هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و گازی کوردستان
09:51 - 23/06/2022
338 جار خوێندراوەتەوە
ڕێبین فەتاح
پاش نزیکەی ١٧ ساڵ لە دەرکردنی
یاسای نەوت و گازی کوردستان-ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧- پرۆژەیەک بۆ هەمواری یەکەمی
یاسایەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئیمزای مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت
ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە. بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمان خوێندنەوە بۆ
پرۆژەی هەموارکردنەوەکە بکات.
هەموارکردنەوەکە، تەنیا دوو خاڵ
لەخۆدەگرێت کە پێوەستن بە ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گازەوە. یەکەم: زیادکردنی
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران وەک ئەندام لە ئەنجوومەنەکە؛ دووەم: دیاریکردنی
ڕێوشوێنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە (کۆبوونەوە بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامان،
دەرکردنی بڕیارەکان بە دەنگی زۆرینەی ئەندامان و هەروەها لە کاتی یەکسانبوونی
دەنگەکانیشدا ئەو لایەنە پێشدەخرێت کە دەنگی سەرۆکی لەگەڵدایە).
یاسای نەوت و گازی کوردستان،
لەوەتەی پەسندکردنییەوە زۆرینەی مادە و بڕگەکانی جێبەجێ نەکراوە، ئەو مادە و
بڕگانەی پەراوێزخراون، کرۆکی یاسایەکە پێک دێنن. وا دەردەکەوێت دەسەڵاتی
جێبەجێکردن تەنیا بە تەنگ پیادەکردنی ئەو بەشە لە یاسایەکە بووە کە دەسەڵاتی
یاسایی بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکانی نەوتی پێدەدات و ئەوەی دی کە پێوەندی بە شێوازی
بەڕێوەبردنی پرۆسەکانی نەوت و گازەوە هەیە، هیچ بایەخێکی وەرنەگرتووە.
بەشێک لە بەرپرسیاریەتی جێبەجێکردنی
یاسایەکە ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی حکوومەتە و بەشێکی دیکەی پەرلەمان لێی بەرپرسە.
بەتایبەت ئەو بەشانەی کە پێویستیان بەوە هەیە بە یاسایەکی تایبەت ڕێک بخرێن.
لەناویاندا، چوار کۆمپانیا نیشتمانییەکە. سەرەڕای ئەوەش یاسای سندووقی داهاتە نەوتییەکان
وەک بەشێکی تەواوکاری یاسای نەوت پەسند کراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە، لەسەر
ئەنجوومەنی وەزیران پێویست بوو، ناوی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقە بۆ
پەرلەمان کاندید بکات و پاشان لە پەرلەمان پەسند بکرێن، بەڵام ئەنجوومەن ئەوەی
نەکرد و پەرلەمانیش پێداگیری نەکرد. ناوەڕۆکی یاسای سندووقی داهاتەکانی نەوت و
گاز، دەرکردنی یاسایەکی دیکە پێویست دەکات، کە یاسای سندووقی نەوەکانی ئایندەیە و
گلدانەوەی بەشێک لە نەوت و گاز یان داهاتەکەی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگرێتەوە.
بەدڵنیایی کاراکردنی یاسای سندووقی داهاتەکان گرنگە لەڕووی بەرجەستەکردنەوەی
شەفافیەت لە داهاتەکانی نەوت و هەروەها، دەرکردنی یاسای سندووقی نەوەکانی
داهاتوویش ئاستێک لە دادپەروەریی لە مامەڵەکردن لەگەڵ سامانە سروشتییەکان بەدی
دێنێت.
دەربارەی هەموارکردنەوەی یاسایەکە
پرۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و
گازی کوردستان تەنیا ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گازی کوردستان دەگرێتەوە کە تا
ئێستا ئەنجوومەنەکە لە واقیعدا کارا نییە و هەموارەکەش هیچ گرەنتییەک بۆ کاراکردنی
ئەنجوومەنەکە دروست ناکات، جگە لە زیادکردنی ئەندامێک کە لەڕووی سیاسییەوە وا لێک
دەدرێتەوە پارسەنگەکە بە لایەکدا بگۆڕێت. ڕاستی پاساوێکی بابەتی بۆ زیادکردنی
ئەندامێکی دیکە لە ئەنجوومەنەکە نییە، کاتێکیش سەرۆکی دیوان وەک ئەندم زیاد
دەکرێت، ژمارەکە لە پێنجەوە بۆ شەش دەگۆڕێت، ئەوە وا دەکات دەسەڵاتێکی دیکە بۆ
سەرۆکی ئەنجوومەنەکە یەکلا ببێتەوە لەحالەتی ئەوەی دەنگدانەکان یەکسان دەبن، دەنگی
سەرۆک حیسابی بۆ دەکرێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران
دەکات.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاسای نەوت و
گازی هەرێمی کوردستان، پێگەی ئەنجوومەنە هەرێمییەکە لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکانی نەوت
و گازدا زۆر گرنگە، ئەنجوومەنەکە لەلایەک سیاسەت و نەخشەڕێگەی پرۆسەکانی نەوتی
دادەڕێژێت و لەلایەکی دی دەسەڵاتی ئیمزاکردنی گرێبەست هیی ئەنجوومەنەکەیە نەک
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان یان ئەنجوومەنی وەزیران و ئیتر. کەواتە دەبێت زۆر بە
گرنگییەوە لێی بڕوانرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
ئەنجوومەنەکە بە یاسایەک ڕێک بخرێت
گرنگە لە هەموارکردنەوەکەدا،
ئەندامانی پەرلەمان پێداگیری بکەن لەسەر زیادکردنی خاڵێکی دیکە، ئەویش ئەوەیە کە
ئەنجوومەنەکە بە یاسایەکی تایبەت ڕێک بخرێت و شێوازی کارکردن و دەسەڵات و
وردەکارییەکان لەو یاسایەدا و لەڕێگەی پەرلەمانەوە دیاری بکرێن، ئەگەر ئەوە
نەکرێت، مانای ئەوەیە ویستێک هەیە (پەیڕەو)ێک بۆ ئەنجوومەنەکە دەربکات، واتە
لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بەڵام گرنگە پەرلەمان یاسایەکی بۆ دەربکات.
لەکاتێکدا ڕۆڵ و کاریگەریی ئەنجوومەنی هەرێمی لە کۆمپانیا نیشتمانییەکان زۆر
زیاترە، بۆچی کۆمپانیاکان بە یاسا ڕێک بخرێن و بۆچی دەبێت ئەنجوومەنە هەرێمییەکە
بە (پەیڕەو)ێک و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە؟!
ئەنجوومەنەکە لە ڕابردوودا
لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە کە یاسای نەوت و
گازی کوردستان دەرکراوە تا ئێستا، ئەنجوومەنی هەرێمی کارا نەبووە، سەرەڕای سەرجەم
ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیاکان ئیمزا کراون، بە ناوی ئەنجوومەنی هەرێمییەوە
ئیمزا کراون، واتە ئەو کەسەی گرێبەستەکەی ئیمزا کردووە، وەک "ڕێپێدراو"ی
ئەنجوومەنەکە ئیمزای گرێبەستەکانی کردووە، نەک وەک سەرۆک حکوومەت یان جێگرەکەی یان
وەزیر و ..هتد، لەبەر ئەوەی وەک ڕوونمان کردەوە دەسەڵاتی ئیمزاکردنی گرێبەست لە
ئەنجوومەنەکەیە.
پێکهاتەی ئەنجوومەنەکە
لە کابینەی پێنجەمەوە کە یاسای نەوت
و گاز دەردەکرێت و ئەنجوومەنەکە لەڕووی یاساییەوە دروست دەکرێت، بەردەوام زۆرینەی
ئەندامانی ئەنجوومەن لەڕووی سیاسییەوە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانی بوون و پاشان یەکێتی
و گۆڕان. پارتی بەدرێژای ئەو ماوەیە کە نزیکەی تێکڕای گرێبەستەکان ئیمزا کراون، لە
کۆی پێنج ئەندامی ئەنجوومەن، تەنیا دوو ئەندامی هەبووە. واتە سێ ئەندام(زۆرینە)
یەکێتی و پاشان یەکێتی و گۆڕان بوون. ئەو هێزە سیاسییانە و بەتایبەت یەکێتیی
نیشتمانی هیچ کات هەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاوی لەسەر دەسەڵاتەکانی لە ئەنجوومەنەکە و
لە ئیمزاکردنی گرێبەستەکانی نەوت نەبووە. بە پێچەوانەوە، ساڵانێکی دوور و درێژە
بانگەشەی نائاگایی لە گرێبەستەکان دەکەن. هەرچەند نزیکەی تێکڕای گرێبەستەکانی نەوت
لە سەرەتادا بە ئیمزای بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی(لە حکوومەت) ئیمزا کراون یان
دووبارە ئیمزا کراونەتەوە.
گرێبەستەکانی نەوت
پێش حەوت ساڵ لە ڕاپۆرتێکی
بنکۆڵکارییدا و بۆ یەکەمجار ئیمزاکردنی گرێبەستەکانی نەوتم ئاشکرا کرد و هەروەها
باسی ڕۆڵ و پێکهاتەی ئەنجوومەنەکەم کرد، دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکە، هەریەک لە
د، بەرهەم ساڵح لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لە ئێن ئاڕ تی ددانی بە ڕاستیی
زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە دانا و نێچیرڤان بارزانی لە دیداری لەگەڵ کەناڵەکانی
ڕووداو، ئێن ئاڕ تی و کەی٢٤ ئەو بەشەی پێوەندی بە ئەنجوومەنی هەرێمییەوە هەبوو،
باسی کردەوە.
لە خوارەوە، پوختەی داتاکانی ناو
ڕاپۆرتەکەی ئەوکات (٢٠١٥) دادەنێمەوە:
گرێبەستەکانی ئیدارەی سلێمانی
ئیمزاکردنی یەکەمین گرێبەستی نەوتی
لە کوردستاندا، بە دەستپێشخەری یەکێتی نیشتمانی بوو، لە ١٧ی تەموزی ٢٠٠٢ د. بەرھەم
ساڵح سەرۆکی حکوومەت/ئیدارەی سلێمانی/گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای جەنەڵ ئینێرجی بۆ
کارکردن لە کێڵگەی نەوتی تەقتەق ئیمزا کرد.
لە قۆناغی دوو ئیدارەییدا، یەکێتی
گرێبەستی لەسەر چەند کێڵگەیەکی تر کردووە، لەناویاندا ھەردوو گرێبەستی حکوومەتی
ھەرێم/ئیدارەی سلێمانی/ بۆ کارکردن لە کێڵگەکانی پولخانە و شاکەل کە لە ١٤ی
کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ لەلایەن فەرەیدوون عەبدولقادر سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم/ئیدارەی
سلێمانی/ ئیمزا کراون و دواتر لەلایەن جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتی وەک
رەزامەندی (ئیدارەی باکوری عێراق) پەسند کراونەتەوە.
دوای پێکھێنانی کابینەی پێنجەم و
تێکەڵکردنەوەی ھەردوو ئیدارەی ھەولێر و سلێمانی، لە ٢٢ی شوباتی ٢٠٠٦ پەرلەمانی
کوردستان ناوی ھەریەک لە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکی حکوومەت و عومەر فەتاح بۆ
جێگری سەرۆکی حکوومەت پەسند کرد، بەڵام دوای نزیکەی ٣ مانگ لەو رێککەوتە و لە ٤ی
ئایاری ٢٠٠٦دا، عومەر فەتاح ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بەناوی سەرۆکی حکوومەتی
ھەرێم/ئیدارەی سلێمانی/ گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای "وێستێرن زاگرۆس" بۆ
کارکردن لە کێڵگەی کوردەمیر ئیمزا کردووە.
لەو قۆناغەدا، پارتی لە ئیدارەی
ھەولێر گرێبەستی لەسەر تەنیا دوو کێڵگەی نەوتی کردووە، کە کێڵگەکانی ئەربیل و
تاوکێ دەگرێتەوە و لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەت/ئیدارەی
ھەولێر/ ئیمزای کردوون.
گرێبەستەکانی کابینەی یەکگرتنەوە
لە ماوەی کابینەی پێنجەمی حکوومەتی
ھەرێم بۆ یەکەمجار وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ سەرپەرشتیکردنی چالاکییەکانی
نەوت و گازی کوردستان پێکھات.
لە ساڵی ٢٠٠٧دا یاسای نەوت و گازی
کوردستان پەسندکرا، پاڵپشت بەو یاسایە، حکوومەتی ھەرێم دەستی بە ئیمزاکردنی
گرێبەستی نوێ و ھەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی پێشوو کرد.
حکوومەتی ھەرێم لە ساڵی ٢٠٠٧ گرێبەستی
لەسەر ١٤ کێڵگەی نەوتی کردووە کە کێڵگەکانی (ئەین سفنی، ئاکرێ-بجیل، ئەترووش،
بازیان، ھەولێر، مەلا ئۆمەر، میران، سەرسەنگ، رۆڤی، شێخان، باکوری سەنگاو، شۆڕش،
سەرتا و سندی ئامێدی) دەگرێتەوە، لە ساڵەکانی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩دا، ١٢ کێڵگەی نەوتی
گرێبەستیان لەسەر کراوە، کە کێڵگەکانی (بەردەڕەش، دھۆک، قەرەداخ، قوشتەپە،
تۆپخانە، باشووری سەنگاو، عەربەت، چیاسورخ، بەرانان، بەربەھر، تازە و شێخ ئادی)
دەگرێتەوە.
ئەو گرێبەستانە لەلایەن ئاشتی
ھەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان لەلایەک و لەلایەکی تر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی
حکوومەت یان عومەر فەتاح جێگری سەرۆکی حکوومەت "لە جیاتی ئەنجوومەنی ھەرێمی
نەوت و گازی کوردستان" ئیمزایان لەسەر کراوە.
ئەنجوومەنی ھەرێمی نەوت و گاز
پاڵپشت بە یاسای نەوت و گاز پێک ھاتووە و پێنج ئەندام لەخۆدەگرێت، کە سەرۆکی
حکوومەت و جێگرەکەی، وەزیرانی سامانە سروشتییەکان، دارایی و پلاندانان دەگرێتەوە و
ئەو ئەنجوومەنە دەسەڵاتی ئیمزاکردنی گرێبەستەکانی ھەیە.
کۆی ئەو گرێبەستانەی لەدوای
پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز لەلایەن نێچیرڤان بارزانی یان عومەر فەتاح ئیمزا
کراون، لەناونیشانەکەیدا ھاتووە، (لە جیاتی ئەنجوومەنی ھەرێمی نەوت و گازی
کوردستان)، وەک گرێبەستی کێڵگەی ئەین سفنی کە لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٧ عومەر فەتاح لە
جیاتی ئەنجوومەنەکە ئیمزای کردووە.
لە کابینەی پێنجەمدا، ئەنجوومەنی
ھەرێمی نەوت و گاز، بەسەر سێ ئەندامی یەکێتی و دوو ئەندامی پارتی دابەش بووبوو،
عومەر
فەتاح جێگری سەرۆکی حکوومەت، عوسمان
شوانی وەزیری پلاندانان و بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی لە یەکێتی و دوو ئەندامەکەی
پارتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەت و ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان
بوون.
گرێبەستەکانی کابینەی شەشەم
پاش ھەڵبژاردنی خولی سێیەمی
پەرلەمان لە٢٠٠٩دا کابینەی شەشەمی حکوومەت بە سەرۆکایەتی د. بەرھەم ساڵح جێگری
سکرتێری گشتی یەکێتی پێک ھات.
د. بەرھەم ساڵح لە ماوەی دوو ساڵی
کابینەکەیدا، لانی کەم ئیمزای لەسەر ٩ کێڵگەی نوێی نەوتی کردووە، لەناویاندا
کێڵگەکانی، "سولێڤانا، دینارتە، ناوەندی دھۆک، ھەریر، پیرەمەگروون، سەفین،
قەڵادزێ، شەکرۆک و گەرمیان).
ھەر لەو ماوەیەدا نزیکەی تێکڕای ئەو
گرێبەستە نەوتییانەی لە قۆناغی دوو ئیدارەیی و لە قۆناغی کابینەی پێنجەم ئیمزا
کرابوون، پاش پێداچوونەوە و ھەموارکردنەوە، دووبارە لەلایەن د. بەرھەم ساڵح ئیمزا
و پەسند کراونەتەوە.
ئەو گرێبەستانە، گرێبەستی کێڵگەکانی
(ئەین سفنی، ئاکرێ-بجیل، عەربەت، شێخ ئادی، ئەترووش، بەرانان، بەردەڕەش، بەربەھر،
بنەباوێ، چیاسوورخ، دھۆک، ھەولێر، کوردەمیر، مەلا ئۆمەر، میران، پولخانە، قەرەداخ،
سەرسەنگ، سەرتا، شاکەل، شۆڕش، سندی ئامێدی، تەقتەق، تاوکێ و تۆپخانە) دەگرێتەوە.
لە قۆناغی دوو ئیدارەیی تا کابینەی
شەشەمی حکوومەتی ھەرێم، ٤٢ کێڵگەی نەوتی لە کوردستان ئیمزایان لەسەر کراوە.
یەکێتی لە قۆناغی دوو ئیدارەییدا،
بەناوی ئیدارەی سلێمانی گرێبەستی لەسەر چوار کێڵگەی نەوتی کردووە، ھەروەک لە ماوەی
کابینەی پێنجەمدا، کاتێک ئەنجوومەنی ھەرێمی نەوت و گاز لە نێوان ٣ ئەندامی یەکێتی
و ٢ ئەندامی پارتی پێک دێت، بە رێپێدانی ئەنجوومەنەکە گرێبەست لەسەر ٢٦ گرێبەستی
تر کراوە.
لە ماوەی کابینەی شەشەمدا، د.
بەرھەم ساڵح گرێبەستی لەسەر ٩ کێڵگەی نوێی نەوتی کردووە، سەرباری پەسندکردنەوەی ٢٦
لەو گرێبەستانەی پێشتر لە ھەردوو ئیدارە و لە کابینەی پێنجەم ئیمزا کرابوون، بەوەش
یەکێتی نیشتمانی لە قۆناغی دوو ئیدارەیی تا کابینەی شەشەم ئیمزای لەسەر گرێبەستی
٤٠ کێڵگەی نەوتی کردووە لە کۆی ٤٢ کێڵگەی نەوتی لەسەرتاسەری کوردستاندا.
1. گرێبەستی نێوان حکوومەتی
ھەرێم/ئیدارەی سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیای جەنەڵ ئینێرجی تورکی بۆ کارکردن لە کێڵگەی
نەوتی تەقتەقدا. گرێبەستەکە لە ١٧ی تەموزی ٢٠٠٢ لەلایەن د. بەرھەم ساڵح سەرۆکی
حکوومەت لە ئیدارەی سلێمانی ئیمزا کراوە. ئەوە یەکەمین گرێبەستی نەوتی نێوان
حکوومەتی ھەرێم و کۆمپانیاکانی بیانییە لە کەرتی نەوتدا.
2. گرێبەستی نێوان حکوومەتی
ھەرێم/ئیدارەی سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیای پێت ئۆیل بۆ کارکردن لە کێڵگەکانی پولخانە
و شاکەل. ھەردوو گرێبەست لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ لەلایەن فەرەیدوون عەبدولقادر
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی ئیمزا کراون.
3. ھەردوو گرێبەستی کێڵگەکانی شاکەل و
پولخانە لەلایەن جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی وەک رەزامەندی
(ئیدارەی باکووری عێراق) لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ پەسەند کراونەتەوە.
4. گرێبەستی نێوان حکوومەتی
ھەرێم/ئیدارەی سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس بۆ کارکردن لە کێڵگەی نەوتی
کوردەمیر، گرێبەستەکە لەلایەن عومەر فەتاح سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم/ئیدارەی سلێمانی
و دلشاد عەبدولڕەحمان بەرپرسی دەزگەی گشتی پڕۆژە تایبەتەکان لە ٤ی ئایاری ٢٠٠٦
ئیمزا کراوە.
5. گرێبەستی حکوومەتی ھەرێم بۆ کارکردن
لە کێڵگەی نەوتی ئەین سفنی، ئەو گرێبەستە لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٧ لەلایەن عومەر فەتاح
جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لە کابینەی پێنجەم ئیمزا کراوە. وەک دەردەکەوێت عومەر
فەتاح لە جیاتی ئەنجوومەنی ھەرێمی نەوت و گازی کوردستان ئیمزای کردووە.
6. گرێبەستی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ
کۆمپانیای پێترۆکوێست لەسەر کێڵگەی نەوتی سولێڤانا، بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح
سەرۆکی کابینەی شەشەمی حکوومەت لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠.
7. گرێبەستی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ
کۆمپانیای ھێسی ئەمریکی لەسەر کێڵگەی نەوتی دینارتە، بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح
سەرۆکی کابینەی شەشەمی حکوومەت، لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠١١.
8. گرێبەستی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ
کۆمپانیای پێترۆکوێست لەسەر کێڵگەی نەوتی ناوەندی دھۆک، بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم
ساڵح سەرۆکی کابینەی شەشەمی حکوومەت، لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠.
9. گرێبەستی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ
کۆمپانیای ماراسۆنی ئەمریکی لەسەر کێڵگەی نەوتی ھەریر، بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم
ساڵح سەرۆکی کابینەی شەشەمی حکوومەت، لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠.
10. گرێبەستی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ
کۆمپانیای ریپسۆڵ لەسەر کێڵگەی نەوتی پیرەمەگروون، بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح
سەرۆکی کابینەی شەشەمی حکوومەت، لە ٢٦ی تەموزی ٢٠١١.
11. گرێبەستی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ
کۆمپانیای ماراسۆن لەسەر کێڵگەی نەوتی سەفین، بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆکی
کابینەی شەشەمی حکوومەت لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠.
12. گرێبەستی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ
ھەردوو کۆمپانیای ھێس و پێترۆکوێست لەسەر کێڵگەی نەوتی شەکرۆک، بە ئیمزای دکتۆر
بەرھەم ساڵح سەرۆکی کابینەی شەشەمی حکوومەت، لە ٢٦ی تەموزی ٢٠١١.
13. گرێبەستی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ
کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس لەسەر کێڵگەی نەوتی گەرمیان، بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم
ساڵح سەرۆکی کابینەی شەشەمی حکوومەت، لە ٢٥ی تەموزی ٢٠١١.
14. گرێبەستی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ
کۆمپانیای ریپسۆڵ لەسەر کێڵگەی نەوتی قەڵادزێ بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆکی
کابینەی شەشەم، لە ٢٦ی تەموزی ٢٠١١.
15. ھەموار و پێداچوونەوەی گرێبەستی
کێڵگەی ئەین سفنی لە ٢٦ی تەموزی ٢٠١١ بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆکی کابینەی
شەشەمی حکوومەت.
16. ھەموار و پێداچوونەوەی گرێبەستی
کێڵگەی ئاکرێ-بجیل لە ١ی ئابی ٢٠١٠ بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆکی کابینەی
شەشەمی حکوومەت.
17. ھەموار و پێداچوونەوەی گرێبەستی
کێڵگەی ئەترووش لە ١ی ئابی ٢٠١٠ بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆکی کابینەی
شەشەمی حکوومەت.
18. ھەموار و پێداچوونەوەی گرێبەستی
کێڵگەی بەڕانان لە ٢٦ی تەموزی ٢٠١١ بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆکی کابینەی
شەشەمی حکوومەت.
19. ھەموار و پێداچوونەوەی گرێبەستی
کێڵگەی بەردەڕەش لە ٢٧ی تەموزی ٢٠١١ بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆکی کابینەی
شەشەمی حکوومەت.
20. ھەموار و پێداچوونەوەی گرێبەستی
کێڵگەی ھەولێر لە ٩ی ئابی ٢٠١١ بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆکی کابینەی شەشەمی
حکوومەت.
21. ھەموار و پێداچوونەوەی گرێبەستی
کێڵگەی مەلا ئۆمەر لە ١ی ئابی ٢٠١٠ بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆکی کابینەی
شەشەمی حکوومەت.
22. ھەموار و پێداچوونەوەی گرێبەستی
کێڵگەی شێخان لە ١ی ئابی ٢٠١٠ بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆکی کابینەی شەشەمی
حکوومەت.
23. ھەموار و پێداچوونەوەی گرێبەستی
کێڵگەی سندی-ئامێدی لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٠ بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆکی کابینەی
شەشەمی حکوومەت.
24. ھەموار و پێداچوونەوەی گرێبەستی
کێڵگەی تاوکێ لە ١ی ئابی ٢٠١٠ بە ئیمزای دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆکی کابینەی شەشەمی
حکوومەت.